دوای کشانەوەی ئەمریکا؛ ئایا هەرێمی کوردستان دەبێتە نێچیرێکی ئاسان؟
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کوردستان باجی ناکۆکییەکانی ناوخۆی دەدات، ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە ڕادەگرێت و هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم مەترسیی ئێران و گرووپە چەکدارەکاندایە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو و بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر سەخت لە ڕووی ئەمنی، سیاسی و داراییەوە دەبێتەوە.
ئەم دۆخەش ئەنجامی ساڵانێک ناکۆکیی ناوخۆیی کوردییە، بەتایبەت کە هەردوو حزبی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) نەیانتوانی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر یەک چەتری ئەمنی و سەربازیی یەکگرتوودا کۆبکەنەوە.
هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی دەستی پێکرد، پاشان لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بۆ ماوەی چوار ساڵی تر نوێکرایەوە. ئامانجی ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بوو بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، هاوتا لەگەڵ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی کە تێیدا هێزە حزبییەکان بەشێوەیەکی پیشەیی تێکەڵ بكرێن و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠٢٢ وادەکەی تا کۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دیاریکراوبوو، بەپێی ئەوەی کە دانانی بودجە و بەردەوامی تەمویلەکە بەسترابێتەوە بە بڕیاری دارایی ئەمریکاوە.
ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە نزیکەی ١٨٠ هەزار کەسە، و مانگانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری داراییان لە ئەمریکاوە پێدەگەیشت، جگە لە وەرگرتنی چەکی سووک و ناوەند و مەشقپێکردن لەلایەن ڕاوێژکارە سەربازییە هاوپەیمانەکانەوە کە لە بنکە سەربازییەکانی هەرێمدا جێگیربوون.
ئەم هاوکارییە دارایی و سەربازییانەی ئەمریکا ڕۆڵێکی زۆر بەرچاویان هەبوو لە بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ئامادەییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان، بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعشدا.
بڕیارە ئەمریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوودا هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە ڕابگرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا. لە هەمان ڕێکەوتدا، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان دوا کەتیبەکانی هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە. هەروەها ئەمە هەمان ئەو وادەیەیە کە حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە تێیدا چەکی گرووپە چەکدارە شیعییەکانی نێو عێراق کە لایەنگری ئێرانن دابماڵێت.
شارەزایانی سەربازی هۆشداریدەدەن کە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی واشنتۆن ڕەنگە ڕێگە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی خۆش بکات تا هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن. وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا و لە کاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و تاران ئەنجامیاندا، و بنکە ستراتیژییەکانی وەک وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمیان کردبووە ئامانج.
یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کوردی بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، دەڵێت ئەمریکا پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردا دەپچڕێنێت کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا. ئەگەر کورد بە تەنیا و بێپشتوانی بهێڵدرێتەوە، ئەمە دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ وڵاتانی وەک ئێران، چین و ڕووسیا.
لەکاتێکدا جەیسۆن کامپبڵ، شارەزا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە، پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی نێودەوڵەتی بوو دژی داعش. ئەگەر ئەمریکا بەم جۆرە پاشەکشە بکات، کورد دەبێتە ئامانجێکی ئاسانتر بۆ هێرشەکانی ئێران و مەترسییەکانی سەر ناوچەکە بە گشتی دووبەرامبەر دەبنەوە.
بەڵام فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆکاری ڕاگرتنی هاوکارییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی دارایی ئەمریکا و گۆڕانکاری لە سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر هاوکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کە بودجەی ئەمریکا تووشی کورتهێنانێکی گەورەی نزیکەی ٤٠ تریلیۆن دۆلاری بووەتەوە.
هاوکات نوردین وەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: کشانەوەی ئەمریکا بە مانای کۆتاییهاتنی هاوکارییە ئەمنییەکان یان تێکچوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەولێر و واشنتۆن نایەت؛ پێشمەرگە هاوپەیمانێکی سەرەکییە لە شەڕی دژ بە تیرۆر و هاوکارییە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن.