بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک: زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک سروشتی نییە، بەڵکو میکانیکییە
٣١ ئاب ٢٠٢٥ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت کە ئەنجامەکانی دوایین سەرژمێری گشتی لە عێراقدا ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک سروشتی نییە، بەڵکو میکانیکییە و دەگەڕێتەوە بۆ نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی پارێزگاکانی دیکە لەم شارەدا.
ستار پاشا، کە شارەزای ئامارە، دەڵێت: "لە سەرژمێری ساڵی 1921 بۆ 1922، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 108 هەزار و 750 کەس بووە. ئەم ژمارەیە لە سەرژمێری 1947 بۆ 283 هەزار کەس بەرزبووەتەوە و لە سەرژمێری 1957 گەیشتووەتە 388 هەزار و 833 کەس."
ئاماژە بەوەش دەدات کە "بەپێی ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، واتە ژمارەکە 500% زیادیکردووە." ئەو بە ڕوونی دەڵێت، "ئەمە زیادبوونێکی سروشتی ژمارەی دانیشتوان نییە."
شارەزایان پێیان وایە کە زیادبوونی سروشتی دانیشتوان کاتێک قبووڵکراوە کە ڕێژەی زیادبوونەکە لە 3% تێپەڕ نەکات، کە ئەمەش بە لەدایکبوون و مردن دیاری دەکرێت.
زیادبوونی میکانیکی؛ کەرکوک نموونەیەکی زیندوو
ستار پاشا جیاوازی دەکات لەنێوان زیادبوونی سروشتی و میکانیکی "زیادبوونێکی تری ژمارەی دانیشتوان هەیە و پێیدەوترێت زیادبوون و کەمبوونی میکانیکی، ئەم زیادبوون و کەمبوونە لەسەر بنەمای دەرچوون و هاتنە ژوورەوەی خەڵکە بۆ شار و قەزا و وڵات، بۆیە زیادبوونەکەی کەرکوک میکانیکییە نەک سروشتی."
ڕوونیشیدەکاتەوە "خەڵکێکی زۆر بە لێشاو لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک، ئەمەش وایکردووە زیادبوونی میکانیکی لە کەرکوک ڕووبدات و ئەو ژمارە زۆرە لە دانیشتوانی کەرکوک تۆماربکرێت."
ئەم حاڵهتهش لە کاتێکدایە کە لە سەرژمێری 1922، قەزاكانی کەلار و کفری و چەمچەماڵ لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە لیوای ئەوکاتی کەرکوک بوون، بەڵام لە سەرژمێری 2024دا لە چوارچێوەی ئیداری کەرکوک سەرژمێری نەکران.
چارەسەرێکی ڕێککەوتنکراو؛ بەراوردکردنی سەرژمێرییەکان
دوای سەرژمێری 2024، ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک کۆمار ئەنجامدرا کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتی بڵاوناکرێتەوە تاوەکو بەراوردکارییەک لەنێوان سەرژمێری ساڵی 1957 و ساڵی 2024 دەکرێت.
ستار پاشا پێیوایە ئەم بەراوردکارییە کلیلی یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی کەرکوکە "بەراوردکاری سەرژمێری ساڵی 1957 و 2024، دەریدەخات کێ کەرکوکی ڕەسەنە و کێ کەرکوکی نییە، چونکە خەڵکی کەرکوک ناوی خۆیان و باوک و باپیرانیان لە تۆماری ساڵی 1957دا هەیە، با ئێستا لە بەغدا یاخود هەولێر و سلێمانی نیشتەجێ ببن."
زیاتر دەڵێت: "هەرکەسێکیش کەرکوکی نەبێت و ئێستا نیشتەجێی کەرکوک بێت، لە تۆماری ساڵی 1957 ناوی لە پارێزگاکانی تر بێت، ناوەکەی دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەو ناوچەی لە ساڵی 57 تێێیدا تۆمارکراوە."
گۆڕانكارییه دیمۆگرافییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان
ئەم دۆخەی کەرکوک و پرسی زیادبوونی میکانیکی لەکاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی خەڵکی پارێزگاکانی تری عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان سەرژمێر کراون. تەنانەت لە هەندێک ناوچەی کوردستانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم، ژمارەی خێزانە عەرەبەکان زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە.
ناحیەی کوڵەجۆی سەر بە ئیدارەی گەرمیان نموونەیەکی ئاشکرایە؛ پێش سەرهەڵدانی شەڕی داعش خێزانێکی ئهوتۆی عەرەبی تێدا نیشتەجێ نەبوو، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی خێزانە عەرەبەکان لەو ناحیەیە زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکان.