وەزارەتی جەنگ: پەیامێکی ترسناک لە جیهانێکی شڵەژاودا

٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٥٦ پێش نیوەڕۆ

گۆڕینی ناوی "وەزارەتی بەرگری" ئه‌مه‌ریكا بۆ "وەزارەتی جەنگ"، تەنها گۆرینی وشەیەک نیە بەڵکو پەیامێکی سیاسی و دەروونی ترسناکە ورەنگدانەوەى ئەو هەژانە گەورەیە کە بەسەر سیستەمی جیهانیداهاتوە. وەکچۆن لە ماوەى رابردوودا بینیمان ئەندامانی ناتۆ لە ژیر فشارى ترەمپ ناچار بوون کە خەرجی سەربازی بۆ 5%ـى داهاتیان بەرزبکەنەوە، هەروەک چۆن بینمیان لە چەند رۆژی رابردودا وڵاتی چین گەورەترین نمایشی سەربازی پیشانماندا، لەماوەی ئایندەدا مانۆر و جەنگی نوێ ئەبینین کە هەموویان دەرخەری ئەوەن سیستەمە جیهانیەکە لە گۆڕانی ریشەییدایە.

ئەگەر هەندێک بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، وشەى وەزارەتی جەنگ ناوی فەرمی ئەو وەزارەتە بوو کە کاروباری سەربازی وڵاتانی ئەنجام ئەدا، بەڵام دوای ئەزموونە تاڵەکانی دوو جەنگی جیهانیی (یەکەم و دووەم)، تێڕوانینێک سەریهەڵدا کە جەخت لەسەر ئاشتی، دیپلۆماسی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکردەوە. هەربۆیە وشەى"بەرگری" بووە پەیامێکی ئاشتیخوازانەتر، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی هێزی سەربازی  وڵاتان لەمەودوا پاراستنی سەروەریی و سەلامەتی وڵاتە لە هێرشی دەرەکی، نەک دەستپێشخەریکردن بۆ جەنگ یان فراوانخوازی. ئەمە گۆڕانکارییەک بوو لە فەلسەفەی هێرشەوە بۆ بەرگری وبەرپەرچدانەوەى دوژمن. واتە ئاماژە بوو بۆ پاراستنی وڵات و گەل، نەک دەستپێشخەرییکردن بە جەنگ و فراوانخوازی.

هەر لەوکاتەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک سەکۆیەک بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دامەزرا و بەکارهێنانی هێز قەدەغە کرا، تەنها لە حاڵەتی بەرگری لە خود نەبێت. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان، گوتارێکی مەترسیدار سەریهەڵداوە کە بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوی "جەنگ" دەکات. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پێچەوانەبونەوەى ئەو قۆناغەی دوای جەنگی جیهانی دووەم کە بانگەشەى بۆ ئاشتی ببوە بنەمایی وتار و فەلسەفەى وڵاتان.

وەک بینیمان دۆناڵد ترامپ بە ئاشکرا ئەم کارەى ئەنجامدا و ناوی وەزارەتەکەى گۆری بۆ وەزارەتی جەنگ، ئەمە تەنها گۆڕینێکی شکڵی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ گۆڕانێکی قوڵ لە فەلسەفەی دەوڵەتدا و سەرهەڵدانەوەی هێزگەلێکی جەنگخوازە. هه‌روه‌ك ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ لاوازبوونی متمانە بە میکانیزمەکانی ئاشتی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی.

هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت لە چەند لایەنێکەوە شیبکرێنەوە:

یەکەم: لاوازبوونی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان:
ڕووداوەکانی وەک داگیرکردنی کریمیا لەلایەن ڕووسیا (2014)، هێرشی بەرفراوانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا (2022) و جەنگی غەززە و لێکەوتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، نیشانیاندا کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی مافی ڤیتۆی ئەندامە هەمیشەییەکانەوە، ناتوانێت بڕیاری کاریگەر ویەکلاکەرەوە دەربکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان. ئەم ئیفلیجییە وایکردووە کە زۆرێک لە وڵاتان هەست بە نەبوونی چوارچێوەیەکی کاریگەر بکەن بۆ سەپاندنی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایشی گشتی نێودەوڵەتی.

 

لاوازبوونی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتان ناچار دەکات پشت بە توانای سەربازیی خۆیان ببەستن

 

دووەم: سەرهەڵدانەوەی دۆخی ئانارکی "فەوزا":
لاوازبوونی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆشاییەکی دەسەڵاتی دروستکردووە کە وڵاتان ناچار دەکات زیاتر پشت بە توانای سەربازیی خۆیان ببەستن. ئەمەش گەڕانەوەیەکی بەهێزە بۆ فەلسەفەی ڕیالیزم، کە تێیدا وڵاتەکان لە دۆخێکی ئانارکیدا دەژین و پێویستە خۆیان بپارێزن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە هێز بپارێزن.

"قەیرانی ئاسایش" (security dilemma) لەم چوارچێوەیەدا گەشە دەکات؛ وڵاتێک بۆ پاراستنی خۆی هێزی خۆی زیاد دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە بکەن و بازنەیەکی بێ کۆتایی لە پێشبڕکێی چەک دروست دەکات.

سێیەم: چین وەک هێزێکی پێداچوونەوەخواز (Revisionist force) لە بەرامبەر ئەمریکادا:
ئەمریکا پێیوایە چین هەوڵی گۆڕینی سیستەمی جیهانی دەدات کە لەساڵانی رابردودا ئەمریکا سەرکردایەتی دەکرد. چونکە چین لە دەیان ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی خێرای ئابووری بەخۆوە بینیوە و بووە بە دووەم گەورەترین ئابووری جیهان. هەروەها چین وەبەرهێنانی زۆری لە سوپاکەیدا کردووە و هێزی دەریایی و ئاسمانی خۆی بەهێز کردووە. ئەمەش وایکردووە کە کاریگەری خۆی لە ناوچەکانی وەک دەریای باشووری چین و تەواوی ئاسیا-پاسفیک زیاتر بکات.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیگەرانن لەم فراوانبوونە و بە هەڕەشەیەک بۆ سەقامگیری ناوچەکە  بەرژەوەندیەکانی دەزانن

بۆئەوەى باشتر لەم پرسە تێبگەین بە باشم زانی لە تیروانی دوو بیرمەندەوە شیکردنەوە بۆ ئەم گۆڕینە بکەین کە تێگەیشتنەکەمان بۆ ڕونتر دەکەنەوە، ئەوانیش (جۆن مێرشایمەر ئەمریکی و دەیڤد هارڤی بەریتانیە).

جۆن مێرشایمەر، یەکێک لە بیرمەندانی دیاری ڕیالیزمی هێرشبەر- offensive realism ، پێیوایە سیستەمی نێودەوڵەتی بە سروشتی خۆی "ئانارکی"یە، واتە هیچ دەسەڵاتێکی باڵا نییە کە دەوڵەتەکان کۆنترۆڵ بکات. لەم ژینگەیەدا، دەوڵەتەکان بەردەوام ترسیان لە یەکتر هەیە و هەوڵدەدەن بە زۆرترین هێزی سەربازی بگەن بۆ دڵنیابوون لە مانەوەیان.

بۆ مێرشایمەر، "هێرش باشترین بەرگرییە" و دەوڵەتەکان هەمیشە هەوڵی "هه‌ژمۆنی هەرێمی" دەدەن. لەم ڕوانگەیەوە، بانگەشەی گۆڕینی ناوی وەزارەتی "بەرگری" بۆ "جەنگ" نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتەکە نەک تەنها دەیەوێت خۆی بپارێزێت، بەڵکو دەیەوێت بە شێوەیەکی چالاکانە دەسەڵات و کاریگەری خۆی فراوان بکات.

 

هارڤی پێیوایە کاتێک سیستەمی سەرمایەداریتووشی قەیران دەبێت، ناچارە چارەسەری جوگرافیایی بدۆزێتەوە

 

لاوازبوونی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ململانێی غەززە، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم تێڕوانینە، کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێکاریگەریین لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکاندا.

خۆ ئەگەر لە تێڕوانینەکانی دەیڤد هارڤی لە کتێبی "ئیمپریالیزمی نوێ" لەم گۆڕانە بڕوانین، ئەوا ڕەهەندێکی ئابووری قووڵتر بۆ ئەم دیاردەیە زیاد دەبێت.

هارڤی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەرمایەداری، بە سروشتی خۆی، پێویستی بە گەشەسەندنی بەردەوام هەیە. کاتێک سیستەمی سەرمایەداری لە ناوەندەکانی خۆیدا تووشی قەیرانی "کەڵەکەبوونی سەرمایەی زیاد لە پێویست" دەبێت (واتە سەرمایە هەیە بەڵام شوێنی قازانج نییە)، ئەوا ناچارە "چارەسەری جوگرافیایی" بدۆزێتەوە. ئەم چارەسەرە دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە بێت بۆ:
- دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکانی نوێ.
- کردنەوەی بازاڕی نوێ بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
- گواستنەوەی سەرمایە بۆ ناوچەی کەم گەشەسەندووی دیکە.
- تەنانەت "کەڵەکەبوون بە ڕێگەی زەوتکردن"، کە بریتییە لە داگیرکردن و تایبەتمەندکردنی سامان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ڕێگەی هێزەوە.

ئەگەر لە دیدی دیدی هارڤییەوە خوێندنەوە بکەین، ئەوا گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری  بۆ "جەنگ" و زیادبوونی بەرچاوی بودجەی سەربازیی لەسەر ئاستی جیهانیدا، تەنها ئامادەکارییەکی سیاسی- سەربازیی نییە. بەڵکو وەبەرهێنانێکە لە "پیشەسازیی سەربازیی- سەرمایەداریی" و میکانیزمێکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە کە ڕەنگە ئەمریکا بەهۆی گەورەبونی چینەوە لە ماوەى ئایندەدا پێوەى بناڵێنێت.

داواکارییەکانی ترامپ لە وڵاتانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری، دەکرێت وەک هەوڵێک سەیر بکرێت بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی چەکسازی ئەمریکی و دروستکردنی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمەکانیان. بەمشێوەیە، جەنگ دەبێتە ئامڕازێکی ئابووری بۆ بەگەڕخستنەوەی سیستەمی سەرمایەداری و بەدەستهێنانی قازانج.

لەکۆتاییدا، ئەم گۆڕانکارییانە و سەرهەڵدانەوەی گوتاری جەنگخوازی، پەیامێکی ڕوونی هەیە: جیهان بەرەو قۆناغێکی ناسەقامگیر و پڕ لە گرژی دەڕوات کە تێیدا متمانە بە یاسا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بووە.

دەوڵەتە زلهێزەکان بە هۆکارە سیاسی و ئابوورییە قووڵەکانەوە، لە قۆناغی "بەرگری"یەوە بەرەو قۆناغی "جەنگ" هەنگاو دەنێن.

ئەمە نیشانەیەکی مەترسیدارە کە ڕەنگە جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی ململانێ و فراوانخوازی جوگرافیایی بچێت، کە تێیدا هێز وەک دوا بژاردە سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و قازانج بەکاربهێنرێت. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە وڵاتان زیاتر متمانە بە توانای سەربازی خۆیان دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەرییەکانیان، نەک بە میکانیزمە دیپلۆماسی و یاساییە نێودەوڵەتییەکان.


نوێترین شرۆڤەکان