پسپۆڕێکی یاسایی: عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەنجومەنی دەوڵەتەوە بیسەلمێنێت لەسەر حەقە
١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق بەبێ خستنەڕووی ڕای ئەنجومەنەکە لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێم کۆتایی هات، پسپۆڕێکی بواری یاسایی پێیوایە عێراق بۆیە مەسەلەی داهاتی نانەوتی بردووەتە ئەو ئەنجومەنە تا بیسەلمێنێت ئەو لەسەر حەقە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت لە بارەی داهاتی نانەوتی بە بێ ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەنجامدرا، بڕیارە کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەبێت و دواتر ڕاو ڕاوێژ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.
عێراق دەیەوێت ڕاستی بۆچوونەکەی بسەلمێنێت
عەبدولقادر ساڵح، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەوە دەچێت حکومەتی عێراق بیەوێت بۆ هەرێمی بسەلمێنێت کە ڕای ئەو دروستترە لەبارەی دەقە یاساییەکانی گرێدراو بە داهاتی نانەوتی، بۆیە مەسەلەکەی بردووەتە ئەنجومەنی دەوڵەت، خۆ ڕەنگە ئەنجومەنەکە ڕای تریشی هەبێت.
دەشڵێت: گرفتی گەورەی هەرێم ماددەی 29ـی یاسای (ئیدارەی مالیە)یە کە وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم کراوە لە مەسەلەی باج و رسوماتدا، لەکاتێکدا هەرێم دەسەڵاتی یاسایی و یاسادانان و جێبەجێکردنی هەیە و نایەوێت وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئەنجومەنی دەوڵەت و پرسی پابەندکەریی بڕیارەکانی
ئەنجومەنی دەوڵەت لە سەرۆک، جێگر، راوێژکار و یاریدەدەرانی ڕاوێژکار پێکدێت، لەبارەی یاسا ناکۆکی لەسەرەکان و پرسە جیاوازەکانەوە ڕا و ڕاوێژ بە دەزگا فەرمییەکانی عێراق دەدات.
عەبدولقادر ساڵح، دەڵێت: ڕا و ڕاوێژی ئەنجومەنی دەوڵەت ڕاوێژکارییەو پابەندکەر نییە بۆ ئەو لایەنەی داوای ڕاوێژی لێدەکات، هەر پرسێک لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانی عێراقەوە بخرێتە بەردەستی، ئەنجومەنەکە ڕای خۆی دەردەبڕێت و ڕاوێژیش پێشکەش دەکات.
دەشڵێت: ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانەی عێراق ئەنجامیان دەدات، ئەنجومەنەکە هەڵوێستی یاسایی خۆی لەبارەیانەوە دەخاتەڕوو، لایەنە باش و خراپەکانی دەستنیشان دەکات.
پسپۆڕە یاساییەکە ڕوونیکردەوە، ئەگەر لەنێوان دوو وەزارەت یاخود وەزارەتێک و لایەنێکی گرێنەدراو بە وەزارەتەوە ناکۆکی دروستبوو، ئەو لایەنانە ڕای خۆیان بەدروستتر زانی، ئەوکات ئەنجومەنی دەوڵەت ڕاوێژیان پێدەدات و ڕاوێژەکەی پابەندکەر دەبێت بۆ هەردوولا.
عەبدولقادر ساڵح، وتیشی: ئەرکێکی تری ئەنجومەنی دەوڵەت ڕوونکردنەوەی ئەحکامە یاساییەکانە، کاتێک وەزارەتێک نازانێت چۆن یاساکە جێبەجێ بکات.