یەکێتی و پارتی وەفاتنامەی قوربانییانی بۆمبارانی ئێران و تورکیایان گۆڕیوە

١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٢٤ پاش نیوەڕۆ

یەکێتی و پارتی وەفاتنامەی قوربانییانی بۆمبارانی ئێران و تورکیایان گۆڕیوە

پەنجەرە 

دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی، وەفاتنامەی هەموو ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی کوردستانیان گۆڕیووە کە بەهۆی بوردومانەکانی ئێران و تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی و پارتی نایانەوێت دیکۆمێنت لەبەردەستدا بێت بۆ تۆمەتبارکردنی ئێران و تورکیا بە هۆکاری کوژرانی قوربانیانی بۆردومانەکان.

دەشڵێت: زۆربەی ئەوانەی بەهۆی بوردومانی ئێران و تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، لەسەر وەفاتنامەکانیان نوسراوە بەهۆکاری تەقینەوە گیانیان لەدەستداوە، جا تەقینەوە دەکرێت بوتڵی غاز بێت یان هەرشتێکی تر.

هەروەها وتیشی: کەسێک سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کرد، ئاگادارکرایەوە بۆ خۆی وا باشترە سکاڵاکە بکشێنێتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەساڵی 1991ـەوە تائێستا، (724) هاوڵاتی هەرێم بوون بە قوربانی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا، لەو ژمارەیە (355) کەسیان شەهید و (369) کەسیشیان برینداربوون.

هەر لەو ماوەیەدا (143) هاوڵاتی دانیشتووی هەرێم لە ڕێگەی هێرش و بۆردومانی ئێرانەوە شەهید و برینداربوون، کە (81) کەسیان شەهید و (62) کەسەکەی تر برینداربوون.

کامەران عوسمان، وتی:خەڵک هەیە بە بۆردومان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژراوە، کەچی لەسەر وەفاتنامەکەی نوسراوە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە، یان خەڵکی تر هەبووە لە ماڵەکەیدا بۆردومانکراوە، کەچی نوسراوە برین بەجەستەوەیەتی.

جەختیشیکردەوە:جگە لە خەڵکێکی کەم کە لایەنگری یەکێتی و پارتی بوون و کراون بە شەهیدی مەدەنی، ئەوانیتر قەرەبوو نەکراونەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو