وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک: مەعقول نییە ماددەی هۆشبەر بخرێتە نێو ئۆتۆمبێلی عومرەکانەوەو بۆ مەککە ببرێت
١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٣٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پۆلێن بەندی جۆری تاوان لە کەرکوک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تیرۆر پێشتر ئاستی یەکەمی تاوان بووە لە کەرکوک، بەڵام ئێستا ماددە هۆشبەرەکان جێگەی تیرۆریان گرتووتەوە.
پۆلێن بەندی تاوان لە کەرکوک
وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ئاماژەبەوەدەکات، پێشتر تیرۆر لە پلەی یەکەمی تاوانە تۆمارکراوەکاندا بووە لەکەرکوک، هەروەها ماددەی هۆشبەرو دزی لە پلەی دووەم و سێیەمی تاوانە تۆمارکراوەکاندا بوون.
موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێستا تیرۆر لە کەرکوک نەماوە، بەڵام ماددەی هۆشبەرو توندوتیژی خێزانی لە پلەی یەکەم و دووەمی تاوانەکاندان.
کحول و ماددەی هۆشبەر
بەپێی وتەی بەرپرسەکەی پۆلیسی کەرکوک، ماددە کحولییەکان و ماددەی هۆشبەر دوو هاوکێشەی دژ بەیەکن، لە هەر ناوچەیەک ماددە کحولییەکان قەدەغە بکرێت، ڕێژەی ئالوودەبوانی ماددەی هۆشبەر زیاتر دەبن و بە پێچەوانەوە.
موقەدەم عامر نوری وتی: لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک ماددە کحولییەکان ڕێگەپێدراون، بۆیە ڕێژەی ئالوودەبوانی ماددەی هۆشبەر زۆر نین، بەڵام لە ناوچەکانی خوارووی عێراق ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر زیاترە، چونکە کحول قەدەغەکراوە.
کەرکوک و ماددەی هۆشبەر
وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ڕوونیکردەوە، کەرکوک سەرە ڕێگەیە، بۆیە ماددەی هۆشبەری لە ئێران وتورکیاوە پێدا تێپەڕدەکرێت بۆ خوارووی عێراق، هەندێکجار لە خوارووی عێراقەوە ماددەی هۆشبەر بە کەرکوکدا دەبرێت بۆ ناوچەکانی تر.
موقەدەم عامر نوری وتی: ئەوانەی لە کەرکوک دەستگیردەکرێن بازرگانی ماددەی هۆشبەرن نەک ئالوودەبوو، خۆشبەختانە ڕێژەی ئالوودەبوو لە کەرکوک کەمەو بازرگانەکانیش لەسەر ئێمە هەژمارد ناکرێن.
دەشڵێت: دەتوانرێت بازرگانەکان دەستگیربکرێن و کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵام کۆنترۆڵکردنی ئالوودەبوو قورسە، لەکەرکوک ئالوودەبوو کەمەو جێی خۆشحاڵییە.
جەختیشیکردەوە: ئۆتۆمبێل لە کەرکوکەوە بۆ عومرە دەربچێت، مەعقولە کیلۆو نیوێک ماددەی هۆشبەر بخرێتە نێو ئۆتۆمبێلەوە تا بۆ مەککە ببرێت!