لە سۆشیال میدیاوە بۆ دادگا؛ کاکەییەکانی کەرکوک 2 هاوڵاتی عەرەب دەدەنە دادگا

١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٠٣ پاش نیوەڕۆ

لە سۆشیال میدیاوە بۆ دادگا؛ کاکەییەکانی کەرکوک 2 هاوڵاتی عەرەب دەدەنە دادگا

پەنجەرە

دوای سەرهەڵدانەوەی دۆسیەیەکی کۆنی کوشتن و ڕفاندن لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەب لە شاری کەرکوک، دوو هاوڵاتی عەرەب بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و نانەوەی ئاژاوە، لەلایەن کاکەییەکانەوە درانە دادگا.            

دادگا و دۆسیەی کاکەییەکان

چەند کەسایەتییەکی کاکەیی سکاڵای یاساییان لەسەر دوو هاوڵاتی عەرەب تۆمارکرد، کە تۆمەتبارن بە هەڕەشەکردن لە کاکەییەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتەی ڤیدیۆیی هاوڵاتییەکی عەرەب بە ناوی (ئەحمەد عەزاوی) بڵاوکرایەوەو هاوڵاتییەکی تر بە ناوی (عومەر محەمەداوی) گرتە ڤیدیۆییەکەی شەیرکردبوو، بۆیە هەردووکیان لەلایەن کاکەییەکانەوە دراونەتە دادگا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، عومەر محەمەداوی لەلایەن ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە بانگکراوە، بەڵێننامەی پێ پڕکراوەتەوەودواتر ئازادکراوە، بەڵام ئەحمەد عەزاوی کەرکوکی بەجێهێشتووە و لە پارێزگای دیالەیە.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژەبەوەدەکەن، هەرچەندە کاکەییەکان سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام ئەو خێزانە عەرەبانەی لایەنێکی کێشەکەن نەچوونەتە دادگا، بەو پێیەی کەسوکاری د1عـ.،ـشـن و ترسیان لە سەرهەڵدانەوەی دۆسیەی د1عـ.،ـش هەیە.

بنەمای کێشەکە و ڕووداوەکانی ساڵی 2017

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017، چەکدارانی د1عـ.،ـش هێرشیان کردە سەر گوندی شەشەکانی ناوچەی کاکەیی. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کەسایەتییەکی دیاری کاکەیی لەگەڵ هاوسەر و کچەکەی کوژران. هەر لەو ڕووداوەدا، کوڕێکی ئەو کەسایەتییە و بوکەکەی لەلایەن چەکدارانی د1عـ.،ـشەوە ڕفێنران.

دواتر بۆ فشار خستنە سەر د1عـ.،ـش بۆ ئازادکردنی ژنە کاکەییەکە، بەشێک لە کاکەییەکان بە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان، هاوسەر و خوشکی ئەمیرێکی د1عـ.،ـشیان دەستگیرکرد و لای کەسایەتییەکی کورد دەستبەسەریان کردن.

دوای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان کاکەییەکان و چەکدارانی د1عـ.،ـش، د1عـ.،ـش ژنە کاکەییەکەی ئازاد کرد و لە بەرامبەردا دوو ژنە دەستبەسەرکراوەکەی سەر بە د1عـ.،ـش گەڕێندرانەوە بۆ لای کەسوکاریان.

سەرهەڵدانەوەی دۆسیەکە و ئاڵۆزییەکان

چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەو کەسایەتییە کوردەی دوو ژنە دەستبەسەرکراوەکەی د1عـ.،ـشی لای بوو، لەکاتی سەردانیکردنیدا بۆ بەغدا لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا. 

پاشان دۆسیەی ڕفاندنی ژنە کاکەییەکە و دوو ژنەکەی سەر بە د1عـ.،ـش، بەبێ تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هیچ کام لە لایەنەکانەوە، لەلایەن داواکاری گشتییەوە خرایە بەردەم دادگا و دۆسیەی یاسایی بۆ کرایەوە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، دۆسیەی ڕفاندنی ژنە کاکەییەکە و دوو ژنە عەرەبەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە جارێکی تر وروژێنرایەوە و سەریکێشا بۆ کێشەیەکی تائیفی. عەرەبەکان کۆبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان لە ڕێگەی یاساوە کرد.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو