پسپۆڕێکی یاسایی: ناردنی پرسی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت وەکو ئەوە وایە حکومەتی عێراق پرس بە خۆی بکات

١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٢٧ پاش نیوەڕۆ

پسپۆڕێکی یاسایی: ناردنی پرسی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت وەکو ئەوە وایە حکومەتی عێراق پرس بە خۆی بکات

پەنجەرە

دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێم بە بێ ئەنجام کۆتایی هات، پسپۆڕێکی بواری یاساش دەڵێت ئەنجامی کۆبووەنەوەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی دەوڵەت دووەم کۆبوونەوەی لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێم ئەنجامدا، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی سێهەم ئەنجام بدات و وەڵامی نوسراوەکەی حکومەتی عێراق بداتەوە.

د. ئیسماعیل نەجمەدین، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبووایە مەسەلەی داهاتی نانەوتی هەرێم ڕەوانەی دادگای فیدراڵی کرابا، چونکە مەسەلەکە لە پسپۆڕی ئەو دادگایە دایە.

دەشڵێت: پرسی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت نامۆیە، وەڵامەکەشی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دەبێت، چونکە حکومەت وەکو ئەوە وایە ڕاوێژی بەخۆی کردبێت کاتێک مەسەلەکەی ناردە ئەنجومەنی دەوڵەت.

ڕۆژی 9ـی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دۆسییەی داهاتی نانەوتی نارد بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، بۆ ئەوەی ئەو ئەنجومەنە بڕیار لەبارەی دۆسییەکەوە بدات.

ئەنجومەنەکە سەرپەرشتی دۆسییەی داوەریی کارگێڕیی دەکات و زۆرتر لەکاتی بوونی کێشەی کارگێڕییدا پەنای بۆ دەبرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو