عێراق لەبەردەم ئەگەری شەڕدا
١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٤٢ پاش نیوەڕۆ
تا ئێستا ئەگەری هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، چوارچێوەی هەڕەشەو ترس و هۆشداری تێنەپەڕاندووە، بەڵام ئەگەر گروپە نزیکەکان لە ئێران بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، عێراق دووچاری گرفتی گەورە دەبێت.
هەرچەندە بەشێک لەو گروپانە لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو هێزی تیرۆر و لەیاسادەرچوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەفەرمی ئەو هەموو گروپە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەوا دەبێتە هەنگاوی یەکەمی دەستپێکی ئاڵۆزی لە عێراق دا.
لیستی تیرۆر؛ ئالەنگارییە گەورەکە
هەندێک زانیاری بڵاوکراونەتەوە و ناوی ژمارەیەک گروپی عێراق لەو زانیارییانەدا هێنراوە، گوایە ئەو گروپانە لەلایەن ئەمەریکاوە دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە.
ئەگەر ئەو گروپانە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەوە دەبێتە سەرەتایەک و دەستی ئەمەریکا واڵا دەکات بۆ هێرشکردنە سەریان، هەروەها گرفتی زۆر گەورەش بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات.
هەرچەندە ئەمەریکا لە گروپە شیعەکان ناڕازییە، بەڵام بەوپێیەی بەشێکن لە سیستەمی سەربازی و ئەمنی عێراق، حکومەتەکەی سودانی ئەگەر بە ناچاریش بێت مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
ئەو گروپانە بودجە و موچە و چەک و تەقەمەنییان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابین دەکرێت، خۆ ئەگەر بە فەرمی بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەوکات حکومەتی عێراقیش ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
مامەڵە نەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو گروپانە سەرئێشەی گەورەی بۆ دروست دەکات، بەوپێیەی گروپەکان بە بێ پاڵپشتی عێراق ناتوانن بەردەوام بن و دەستەوەستانیش نابن بەرامبەر مامەڵە لەگەڵ نەکردن و پاڵپشتی نەکردنیان لەلایەن حکومەتەوە.
بۆیە ئەگەر ئەو گروپانە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە و عێراق سەرکەوتوو بێت لە مامەڵە لەگەڵ نەکردنیان، ئەوکات جگە لەوەی دەستی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەریان واڵا دەبێت، هاوکات مەترسی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لەنێوان ئەو گروپانەو حکومەتیش دێتە ئاراوە.
کشانەوەی ئەمەریکا؛ ئاماژە گوماناوییەکە
ئەمەریکا بەشێکی زۆر لە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، بەشێکی هێزەکانی بۆ سوریا و کەنداو گواستەوە، بەشێکی کەم لەو هێزانەشی هێنا بۆ بنکەی سەربازیی هەریر لە هەولێر.
ئەگەرچی ئەمەریکا هۆکاری کشاندنەوەی هێزەکانی بۆ گۆڕانی جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەگێڕێتەوە، بەڵام کشانەوەکە ترسی گەورەی دروستکردووە، بەو پێیەی ئەمەریکا لەهەر ناوچەیەک کشابێتەوە ئاڵۆزی لەو ناوچەیە دروستبووە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەکاتێکدایە دوو ئاماژە بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق بەدی دەکرێت:
یەکەم؛ فشارەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێگرتن لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی.
دووەم؛ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دا.
ئەوەی زیاتر گومانی لای بەرپرسانی عێراق دروستکردووە بەوەی کشانەوەی ئەمەریکا بێ هۆ نییە، ئەوەیە ئەمەریکا نایەوێت لە ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزیدا مەترسی لەسەر هێزەکانی دروست ببێت، بۆیە بەرپرسانی لایەنە شیعەکان دەترسن کشانەوەکە لەم چوارچێوەیەدا بێت.
خۆپاراستن یان تێوەگلان؟
هەرچەندە لەکاتی شەڕی نێوان ئێران-ئیسرائیل دا، هێزە شیعەکان خۆیان بەدوور گرت لەو شەڕەو بیانوویان نەدا بەدەست ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە تا هێرش بکرێتە سەریان، بەڵام هەندێک جموجۆڵی ڕابردووی ئەو هێزانە وایکردووە هەمیشە بەشێک بن لە ئامانجەکان.
بەڕای چاودێران، گروپە شیعەکانی عێراق لە ڕابردوودا تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە، هەروەها هاوشێوەی حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان لێیاندەڕوانرێت، بۆیە هەمیشە ئامانجی ئەمەریکاو ئیسرائیلن.
جیاواز لەوەش، عێراق تەنها وڵاتە لە دوای یەمەن، لوبنان و سوریاوە، کە هێزە شیعەکانی تێدا کۆبووەتەوە و دەسەڵاتدارن، بۆیە هەمیشە گریمانەی هێرشکردنە سەریان لە ئارادایە، چونکە ئەمەریکا باڵادەستی هێزە نزیکەکانی لە ئێران لەهیچ وڵاتێکدا ناوێت.
خۆ ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرش نەکەنە سەر گروپە شیعەکانی عێراق، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، ئەگەری تێوەگلانی ئەو گروپانە لە شەڕدا هەیە، بەو پێیەی ناتوانن تەماشاکەر و بێلایەن بن لەو شەڕەدا.
هەندێک پێشبینی هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، شیعەکانی عێراق مانەوەی خۆیان لە بەهێزی ئێراندا دەبیننەوە، بۆیە ناتوانن بێدەنگ بن لە ئاست تێوەگلانی ئێران لە گەڕێکی تری شەڕدا.
لەبەرامبەردا هەندێک پێشبینی پێچەوانەش ئاماژەبەوەدەکەن، شیعەکان خاوەن دەسەڵات و بڕیارن لە عێراقدا و نایانەوێت دەسەڵاتەکەیان بکەنە قوربانی ئێران، بۆیە تا بۆیان بکرێت خۆیان دەپارێزن.