شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە ڕێنمایی دەداتە بەرپرسانی نەوەی نوێ

١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٤٩ پاش نیوەڕۆ

شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە ڕێنمایی دەداتە بەرپرسانی نەوەی نوێ

پەنجەرە

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ژوورێکی تایبەتدا لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی دەستبەسەرە، پەرلەمانتاران و کەسوکارەکەشی ناو بە ناو سەردانی دەکەن و ڕێنماییشیداوەتە حزبەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەوە.
               
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نەوەی نوێ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: شاسوار عەبدولواحید لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ژوورێکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە و لەو ژوورەدا دەمێنێتەوە، بڕیارە هەر لەو ژوورەدا ئەو 5 مانگە بەسەرببات کە لەسەر دۆسیەی شادی نەوزاد سزادراوە.

وتیشی: شاسوار عەبدولواحید داوایکردووە بخرێتە جێگەیەکی تر و تێکەڵ بە زیندانییەکان بکرێت، بەو پێیەی مانەوە لە ژوورێکدا بەتەنها، بۆ ئەو قورسە.

بەپێی وتەی سەرچاوە بەرپرسەکەی نەوەی نوێ، بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، بە بیانووی پاراستنی سەلامەتییەوە، داواکارییەی شاسوار عەبدولواحیدیان ڕەتکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جگە لە خێزان و کەسوکارەکەی، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و هاوڕێکانیشی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدیان لە زیندان کردووە.

بەرپرسەکەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد: بارودۆخی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید لە زینداندا زۆر باشە و ورەشی بەرزە، ڕێنمایشی داوەتە بەرپرسانی نەوەی نوێ لەسەر ئەوەی چۆن هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەببەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو