بەرپرسێکی پارتی: "هۆکاری دابەزینی دەنگەکانمان لە خانەقین خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە"

١٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٣١ پاش نیوەڕۆ

بەرپرسێکی پارتی: "هۆکاری دابەزینی دەنگەکانمان لە خانەقین خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە"

پەنجەرە

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دیالە، ڕایدەگەیەنێت دەنگی هەموو پارتە کوردییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان کەمیان کردووە، هۆکارەکەیشی وەکخۆی وتی: "خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرە".

شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێش 16ـی ئۆکتۆبەر پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا لە دیالە نزیکەی 15 هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام ئێستا ڕێژەی دەنگەکانمان بۆ نزیکەی 10 هەزار دەنگ دابەزیوە.

دەشڵێت: "هۆکاری دابەزینی دەنگەکانمان لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، بۆ نەمانی بارەگاکانمان لەو ناوچانە و ئاوارەبوونی بەشێک لە دانیشتوانی ناحیە و گوندەکانی سنوری خانەقین دەگەڕێتەوە."

جەختیشیکردەوە: "تەنها دەنگی پارتی دانەبەزیووە، بەڵکو یەکێتیش دوو بەرامبەر دەنگی دابەزیووە، چونکە دەسەڵاتیان لە خانەقین لەدەستداوە."

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی و یەکێتی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، بە لیستی جیا بەشدارییان کردووە، ئەمەش مەترسی ئەوە درووستدەکات کە پەرتبوون لە دەنگی کورددا لەو ناوچانە درووستبکات و کورسی پێویست بەدەستنەیەت.

لەبارەی دروستنەکردنی هاوپەیمانێتییەوە، بەرپرسەکەی پارتی لە دیالە، یەکێتی تۆمەتبار دەکات.

وتی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دووجار داوای هاوپەیمانێتی و یەکڕیزییمان لە یەکێتی کردووە، بەڵام یەکێتی داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە.

شێرکۆ تۆفیق، هەروەها وتیشی: پێشتر چەند جارێک لەگەڵ یەکێتیدا پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردنمان کردووە، هەموو جارێکیش هاوپەیمانێتییەکە لە قازانجی یەکێتی بووە و نوێنەری ئەوان دەرچووە، بەڵام ئێمە کوردایەتیمان پێش بەرژەوەندی حزبی خستووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو