بە زیادکردنی "ئۆف" بۆ مامۆستایان؛ پەروەردەکانی سنووری سلێمانی دەیانەوێت دەوام دەستپێبکەنەوە

١٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٤٤ پاش نیوەڕۆ

بە زیادکردنی "ئۆف" بۆ مامۆستایان؛ پەروەردەکانی سنووری سلێمانی دەیانەوێت دەوام دەستپێبکەنەوە

پەنجەرە

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی سنووری سلێمانی، دەستیان بەجموجۆڵ کردووە بەمەبەستی دەستپێکردنی ساڵی نوێ خوێندن، لەکاتێکدا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی هیچ بڕیارێکی نەداوە و دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایانیش پشتگیریی بایکۆت دەکات.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، بەڕێوەبەری خوێندنگاکانی سلێمانی مامۆستایانیان لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئاگادار کردووەتەوە، بەوەی جگە لە پشووی هەینی و شەممە، ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژیش ئۆفیان پێدەدرێت.

وەڵامی مامۆستایان بۆ بەڕێوەبەرەکانیان جیاواز بووە، بەشێکیان دەوام کردنیان ڕەتکردووەتەوەو ئاماژەیان بەوەکردووە بایکۆت دەکەن، بەڵام هەندێک لە مامۆستایانیش ئامادەیی خۆیان بۆ دەوامکردن دەربڕیووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیانیش لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگاکان کۆبوویەوە.

چەند بەڕێوەبەرێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، بە پەنجەرەیان ڕاگەیاند: بەرپرسانی پەروەردە پێیانوتین ڕۆژی یەکشەمە دەرگای خوێندنگاکان دەکرێتەوە و دەتوانن ڕۆژێک ئۆف بە مامۆستایان بدەن لەهەفتەکەدا.

جموجۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لەکاتێکدایە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی کە سەرپەرشتی ناڕەزایەتی ساڵانی ڕابردووی مامۆستایانی دەکرد، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نەداوە.

ئەنجومەنەکە لەڕێگەی گروپەکانی سۆشیال میدیاوە، سەرقاڵی گفتووگۆ و ڕاوێژە بۆ بڕیاردان لەسەر بایکۆت یاخود دەوامکردن، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ڕا جیایی نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی هاوبەش

بەڵام دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان، کە دەستەیەکی جیاوازە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی، پێش دوو ڕۆژ بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ بایکۆتین و هانی مامۆستایان دەدەین بۆ بایکۆتکردنی دەوام.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو