به‌تۆمه‌تى ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى شۆفێریی نێوده‌وڵه‌تى ساخته 3 كه‌س ده‌ستگیر ده‌كرێن
١٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٣٠ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
به‌تۆمه‌تى ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى شۆفێریی نێوده‌وڵه‌تى ساخته، 3 كه‌س ده‌ستگیر كراون كه دانیشتووى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانن، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیش باس له‌وه‌ده‌كات كه‌سه‌كان وه‌كو تۆڕێك كاریان كردووه.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه كه نه‌یویست ئاماژه به ناوی بكرێت، به په‌نجه‌ره‌ى وت: ئه‌و 3 كه‌سه دانیشتووى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانن و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه به ژماره‌یه‌كى زۆر له مۆڵه‌تى شۆفێریی نێوده‌وڵه‌تى ساخته‌كراوه‌وه گیراون.
وتیشی: ده‌ستگیركراوه‌كان وه‌كو تۆڕێك كاریان كردووه و له وڵاتێكى دیكه مۆڵه‌ته‌كان چاپكراوه و ئه‌مان هه‌ستاون به‌هێنانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به خه‌ڵكییان فرۆشتووه‌ته‌وه.
مۆڵه‌تى شۆفێریی نێوده‌وڵه‌تى، له هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش ده‌رده‌كرێت، رسوماته‌كه‌ى بۆ یه‌ك ساڵ له هه‌رێم 60 هه‌زار دیناره.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه، ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ى ساخته كراون بۆ چه‌ند ساڵێك بوون، هه‌ربۆیه ڕه‌نگه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه به‌هۆی كه‌مكه‌وتنى له‌ڕووى نرخه‌وه، په‌ناى بۆ برابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى مۆڵه‌ته‌كه‌یان نییه به‌مه‌به‌ستى سوود لێبینینی كڕیویانه.