حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بڕیارەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت لە دژی بێت
١٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٢٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمەوە، لە بەرژەوەندیی ئەودا نەبێت، هەربۆیە بەنیازە دۆسییەکە بباتە دادگای فیدراڵی.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەسەر داهاتی نانەوتی، ئاراستەی دوو کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی دەوڵەت، بەلای پێشنیاری حکومەتی عێراقیدا چووە.
هەربەپێی زانیارییەکان، ئەگەرچی ئەنجومەنەکە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە بڕیارەکە بدات، بەڵام بەلای زۆرەوە ئەنجومەنەکە پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێم رەتدەکاتەوە.
لایخۆشییەوە حکومەتی هەرێم ئەم ئاراستەیەی درکپێکردووە و پێیانوایە لە دۆسییەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستاندا، تەرازوو لاسەنگە بەلای پێشنیارەکانی حکومەتی عیراقی نەک حکومەتی هەرێم.
پەنجەرە ئەوەشی زانیوە لەئەگەری بڕیاردان بەشێوازێک کە لەگەڵ ویست و پێشنیاری حکومەتی هەرێمدا نەیەتوە، ئەوا وەزارەتی دارایی هەرێم داوا دەکات ئەو پرسە ببرێتە دادگای فیدراڵی، بەو پێیەوی بڕیارەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت پابەندکاریی "ئیلزامی" نین، بەڵکو تەنها دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی پابەندکەرن.
حکومەتی عێراق داوای پشکی زۆری داهاتی نانەوتی کردووە بە پشتبەست بەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2025، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم پێیوایە بەپێی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت، پێویستە تەنها 50% داهاتی فیدراڵی هەرێم بچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق.