بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی سلێمانی: 1200 فەرمانبەرمان هەیە و نەسریەی مانگانەمان 8 ملیۆن دینارە
١٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەکاتێکدا 1200 فەرمانبەریان هەیە و ئیدارەی پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و قەزا و ناحییەکان دەدەن، بەڵام مانگانە بودجەیەکی زۆر کەمیان بۆ خەرج دەکرێت.
د. موحسن ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مانگانە 15 ملیۆن دینار وەکو نەسریە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان دانراوە، لەو پارەیە نزیکەی 11 ملیۆن دینارمان پێدەدرێت.
دەشڵێت: ساڵانە سێ مانگ نەسریەکەمان پێنادرێت، کەواتە نەسریەی هەمیشەیی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، نزیکەی 8 ملیۆن دینارێکە.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، بەهۆی نەبوون و کەمی بودجەوە، هەندێک لە چالاکییەکانیان بە سپۆنسەر و هاوکاری کەرتی تایبەت ئەنجام دەدەن.
وتیشی: لەم ماوەیەدا دیدارێکی کلتوریی ئەنجام دەدەین کە 20 ملیۆن دیناری بە سپۆنسەری کەرتی تایبەت بۆ تەرخانکراوە، هەروەها چاوەڕێین ئەو 70 ملیۆن دینارەشمان بۆ خەرج بکرێت کە بڕیاری لەسەر دراوە، هەتا ڤیستیڤاڵێکی ئەدەبی ئەنجام بدەین.