ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایان: بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایانە
١٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنێت، بایکۆت بڕیارێکی خۆڕسکانەی مامۆستایانە و ئەنجومەنەکەشیان پشتیوانی لێ دەکات.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بایکۆت بڕیاری خۆڕسکانەی مامۆستایانە، نەک بڕیاری هیچ دەستە و ئەنجومەن و گروپێک.
دەشڵێت: گیرفانی بەتاڵی مامۆستایان پاڵنەری بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی لێدوانەکەیدا داوای لە مامۆستایانی سنووری هەولێر و دهۆک کرد، کە وەکخۆی وتی: "بە بێ موچە دەوام نەکەن و پاڵپستی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بکەن."
ئەم قسانە دوای ئەوە هات کە ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا، پشتگیریی لە بایکۆتی مامۆستایان کرد.
پێشتریش دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بایکۆتی دەوام دەکەن.
بڕیارە رۆژی یەکشەمە (21ـی ئەیلول)، یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2025- 2026 لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
هەر دوێنێش پەنجەرە بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی سنووری سلێمانی "زۆنی سەوز" بەمەبەستی ڕێگرییکردن لە بایکۆت، بە مامۆستایانیان وتووە کە جگە لە ڕۆژانی پشووی هەینی و شەمە، "ئۆف"ـی دیکەشیان بۆ زیاد دەکەن.