حەجاج دان بە تاوانەکانیدا دەنێت؛ "دەزگای هەواڵگیریی رێنمایی کردوین و مناڵمان لە برساندا کوشتوە"
٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٢٥ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، (حەجاج تکریتی) تاوانباری ئەنفال، لەکاتی لێکۆینەوەدا دانی بەوەدا ناوە لەلایەن هەواڵگیری و دەزگای ئەمنی سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە، ڕێنماییان پێدراوە کە چۆن ئەنفالکراوەکان بکوژن و ئازاری جەستەیی و دەروونییان بدەن.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حەجاج تکریتی لەکاتی لێکۆینەوەدا کەمتر باسی تاوانە دڕندانەکانی خۆی کردووە، بەڵام وردەکاری ڕێنماییەکانی دەزگای هەواڵگیری و ئەمنی سەردەمی بەعسی کردووە، بۆ کوشتن و ئازاردانی ئەنفالکراوەکان درکاندووە.
دەشڵێت: حەجاج وردەکاری تاوانە دڕندانەکانی گرتووخانەی نوگرە سەلمانی باسکردووە، کە چۆن پلانیان هەبووە بەتەمەنەکان بمرن و چۆن منداڵەکانیش لە برساندا بکوژن، نەیشاردووەتەوە زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەنفالکراوەکاندا کردووە، ئەوکاتەی بەڕێوەبەری گرتوخانەی نوگرە سەلمان بووە.
شوان محەمەد وتیشی: حەجاج دانی بەوەشدا ناوە منداڵیان لە پێش چاوی دایکی لە برسا کوشتووە، بۆ ئەوەی دایکی ئازاری دەروونی بچێژێت.
ڕۆژی 1ـى ئابی ئهمساڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەفەرمی دەستگیرکردنی حەجاج تکریتی، بهڕێوبهرى گرتوخانهى نوگره سهلمان لهكاتى پرۆسهكانى ئهنفالدا، ڕاگەیاند. دواتر ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لهوانهى كه بهدهستى ئهو ئازار و ئهشكهنجهیان چهشتووه و تاوانیان دهرههق كراوه، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرا.