سەرکردەیەکی پارتی: فشارەکانی ئەمەریکا کاریگەرییان لەسەر نزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا نەبووە
٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٢٠ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشبینی دەکات ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕوو لە هەڵکشان بکات، تا ئەوکاتەی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل یەکلایی دەبێتەوە، باس لهوهشدهكات فشارەکانی ئەمەریکا کاریگەرییان لەسەر نزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا نەبووە.
ئەکرەم ساڵح، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حکومەتی عێراق زۆر هەوڵیداوە گروپەکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام دوای ئەوەی ژمارەیەک لەو گروپانە لەلایەن ئەمەریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە، لێدان لەو گروپانە بووەتە ئەگەرێکی حەتمی، هەرچەندە کات و چۆنیەتی لێدانەکە بابەتێکی جیاوازە.
دەشڵێت: هێرشکردنە سەر گروپەکان واتای ئەوە نییە عێراق وەکو دەوڵەت دەبێتە بەرەیەک لەشەڕەکە یان دەچێتە نێو شەڕەوە، چونکە بەرژوەندی ئەمەریکا و ئیسرائیل ناخوازێت لەیەککاتدا دووبەرەی شەڕ لەگەڵ عێراق و ئێران بکەنەوە، ئێران ئامانجی ئەوانە نەک عێراق، ئەوەش ڕاستە ئێران لە عێراق هەژموندارە، بەڵام ئەمەریکاش لە زۆر ڕووەوە باڵادەستە.
سەرکردەکەی پارتی پێیوانییە، فشارەکانی ئەمەریکا و هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە گروپە چەکدارەکان و عێراق، کاریگەرییان لەسەر نزیکبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدا یان کورد و شیعە هەبێت، بەڵکو دۆخەکە پێچەوانەیە و فشاری عێراق بۆ سەر هەرێم زیاتر بووە.
ئەکرەم ساڵح وتی: فشاری عێراق بۆ سەر هەرێم بۆ پیشاندانی هێزە، لەکاتێکدا بارودۆخی عێراق لە زۆر ڕووەوە خراپە، دەبووایە عێراق لەم کاتەدا زیاتر پەرۆشی سەقامگیریی سیاسی و ناوخۆیی بووایە، بۆیە هەڵسوکەوتی عێراق خزمەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە ناکات.