سەرۆکوەزیرانی عێراق: ئەگەر لەگەڵ هەرێم لەسەر نەوت ڕێکبکەوین چارەسەرکردنی کێشەی داهاتی نانەوتی ئاسان دەبێت
٢١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٤٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەنجومەنی دەوڵەت بە نوسراوی فەرمی وەڵامی ڕاوێژەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە و کۆمپانیای نەوتی باکوریش ئامادەکاریی بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم کردووە، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە ئەگەر لەسەر نەوت بگەنە ڕێککەوتن، چارەسەرکردنی کێشەی داهاتی نانەوتی لەگەڵ هەرێم ئاسان دەبێت.
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئامادەنەبوو ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدا پێیوتین، ئەگەر لەگەڵ هەرێم لەسەر مەسەلەی نەوت ڕێکبکەوین، چارەسەرکردنی کێشەی داهاتی نانەوتی ئاسان دەبێت.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی دەوڵەت وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بداتەوە، سەبارەت بە کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی.
ڕاوێژکارەکەی سودانی وتی: ئەگەر دیسانەوە کێشە دروست نەبێتەوە، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نزیکە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، ڕەنگە ئەنجومەنی دەوڵەت پێشنیار بکات مەسەلەی داهاتی نانەوتی هەرێم ڕەوانەی دادگای فیدراڵی بکرێت، بەڵام ئیرادەی سیاسی هەبێت ئەمە ئاسانە.