پەرلەمانتارێکی عێراق: هەولێر و بەغداش ڕێکبکەون هێشتا 3 بۆ 4 موچەی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتوو
٢١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٤٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە، محەمەد مەحموود
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 6 موچەی موچەخۆرانی هەرێم دراوە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێریش، 3 بۆ 4 موچە دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پەنجەرەی راگەیاند: هاتنی موچە بەندە بەرێککەوتی نێوان هەرێم و بەغداوە کە بڕیارە ئەم هەفتەیە یەکلایی ببێتەوە، لەسەر بابەتی نەوت هەردوولا ڕێککەوتن و تەنها واژۆی ڕێککەوتنەکە ماوە لە نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان.
وتیشی: متمانە بە سەرگرتنی ڕێککەوتنەکە نییە، هەرکات ڕێککەوتنەکە واژۆ کراو نەوت هەناردەی دەرەوە کرا، ئەوکات متمانەمان لا دروست دەبێت.
بەپێی وتەی کاروان یاروەیس، ڕۆژی سێشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دا، بڕیار لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم دەدرێت.
کاروان یاروەیس وتیشی: ئەگەر هەرێم و بەغداش ڕێکبکەون، 3 بۆ 4 موچە دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە، ئەو موچانەی دەمێننەوە پێویستە دەرەچەیەکی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی نەفەوتێن.
لەکاتێکدا لە کۆتایی مانگی نۆ نزیک دەبینەوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی 7 ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوەو وادەی ناردنی موچەش لەلایەن عێراقەوە دیاری نەکراوە.
هاوکات دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەسڵ وایە هیچ موچەیەک نەفەوتێت، چونکە موچە مافە، بەڵام لەبارەی فەوتانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە.