کۆمپانیای نەوتی باکوور: پرۆسەی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاتی زۆری ناوێت
٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو مانگە ئامادەکاریمان بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنە دەرەوەی کردووە، ئەگەر هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون، ئامادەین ئەمڕۆ نەوتی هەرێم وەربگرین.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەرگرتنی نەوتی هەرێم بۆ ئێمە پرۆسەیەکی ئاسانە، قوفڵێکە و دەیکەینەوە لەگەڵ دانانی پێوەر بۆ ژماردنی ئەو بڕە نەوتەی دەینێرینە دەرەوە.
دەشڵێت: ئێمە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی عێراقین بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم، بڕیارەکەمان پێبگات و هەرێم نەوتمان ڕادەست بکات، ئامادەین و هیچ گرفتێکمان نییە.
ئامادەکاری کۆمپانیای نەوتی باکور بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لەکاتێکدایە، بەپێی بەوتەی بەشێک لە سەرچاوەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە.