یەکگرتووی ئیسلامی: پارتی و یەکێتی هۆکاری پێکنەهێنانی لیستی هاوبەشی کوردیی بوون لە کەرکوک
٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و بەهۆکاری بەهەدەردانی دەنگی کوردیان دەزانێت لە ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە بەوتەی خۆی ئەوان نەیانهێشت کورد بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکات.
جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکگرتوو زۆر هەوڵیدا لایەنە کوردییەکان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن، بەڵام کێبەرکێی نێوان پارتی و یەکێتی، ڕێگربوو لە دروستکردنی لیستێکی کوردی.
دەشڵێت: یەکگرتوو جاری پێشوو لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریی بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی کرد، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ نەوەی نوێ دەچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە لە پارێزگای کەرکوک.
کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە کەرکوک، حەسەن شێخانییە، لەکاتێکدا ئومێد محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، کاندیدی نەوەی نوێیە لەو پارێزگایە.