زانیاریی نوێ لەبارەی دەستگیرکراوانی بەرەی گەل

٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٤ پاش نیوەڕۆ

زانیاریی نوێ لەبارەی دەستگیرکراوانی بەرەی گەل

پەنجەرە

بەرپرسێکی باڵای پارێزگای سلێمانی، ناوی دەستگیرکراوەکانی لالەزاری بۆ پەنجەرە ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی کردوون و پێکەوە گفتوگۆیان ئەنجامداوە.

بەرپرسەکەی پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەستەی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەی کانی گۆمە، سەردانی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، ڕێبوار حامی حاجی غالی، ئەحمەد شێخ فاتیح- سکرتێری لاهور شێخ جەنگی، موحسن خۆشناو- پاسەوانی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی تری لالەزاریان کردووە.

بەرپرسەکە دەڵێت: لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی وتویانە کە پارێزەریان هەیە، بەڵام هەندێکی تر لەدەستگیرکراوەکان دانانی پارێزەریان بۆیان ڕەتکردووەتەوە، گوایە پارێزەریان ناوێت و کێشەیان نییە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی پۆڵاد شێخ جەنگی و ڕێبوار حامید حاجی غالی، بەرپرسەکە وتی: رێبوار دۆخی تەندروستی باشەو برینداریش نەبووە، بەڵام پۆڵاد شێخ جەنگی کە لە هێرشەکەی لالەزار برینداربوو، پلاستەرێک لەسەر برینەکەیەتی.

دەربارەی داواکاریی دەستگیرکراوەکان، بەرپرسەکەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: هەندێک لە دەستگیرکراوەکان گلەیی ئەوەیان هەبووە ئەوان شۆفێر و موچەخۆر بوون، ناکرێت هاوشێوەی بەرپرسانی لالەزار مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو