سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: هەندێک پەرلەمانتار ناوبەناو یاخی دەبن، بەڵام لە کۆتاییدا هەرێم و بەغدا ڕێکدەکەون

٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٦ پاش نیوەڕۆ

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: هەندێک پەرلەمانتار ناوبەناو یاخی دەبن، بەڵام لە کۆتاییدا هەرێم و بەغدا ڕێکدەکەون

پەنجەرە

دوای ئەوەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەگەری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە وەزیری دارایی عێراق گرت، سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت هەندێک لە پەرلەمانتاران ناو بە ناو یاخی دەبن و گوێڕایەڵی حزبەکانیان ناکەن.

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لایەنە شیعەکان نەرمترت بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران گرفت دروست دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، گرتەی ڤیدیۆیی عەلی لامی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە، بەپێی گرتەکە هەڕەشەی متمانە وەرگرتنەوە لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکات، لەسەر ئەوەی گوایە پارە بۆ پارێزگاکانی تر و هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، بەڵام بۆ پارێزگای عەمارە ڕەوانەی ناکات.

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: لە کۆتاییدا هەرێم و بەغدا لەسەر کێشەکان ڕێکدەکەون و هەرلایەکیان دەستبەرداری هەندێک لە خواستەکانیان دەبن.

سەبارەت بەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەربە لایەنە شیعەکان چۆن پابەندی بڕیاری حزبەکانیان نابن، کە حزبەکانیان ناردوونیاننەتە پەرلەمان و ڕێککەوتنیان بۆپێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە کوردییەکان هەیە، سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت :ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە شیعەکان خاوەن ڕای خۆیانن و گوێڕایەڵ نین، دۆخەکە لە بەغدا جیاوازترە وەک لە کوردستان کە پەرلەمانتار پابەندە بە بڕیاری حزبەکەیەوە.

 وتیشی: پەرلەمانتارە شیعەکان جۆرێک لە ئازادییان هەیە، وەک بینیمان دژی هەندێک بڕیاری سەرکردایەتی لایەنە شیعەکانیش بوون لە ڕابردوودا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو