پەیامی ئەمەریکا بۆ حەشد: لاوازکردن یان جڵەوکردن
٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
هەنگاوەکانی ئەمەریکا دژی چەند گروپێکی حەشدی شەعبی و پۆلێنکردنیان لە لیستی تیرۆر، جگە لەوەی مەترسی لای بەرپرسانی لایەنە شیعەکان دروستکردووە، چەند ئاماژەیەکیشی لێدەخوێنرێتەوە.
چاودێرانی سیاسی و سەربازیی پێیانوایە، دانانی ئەو گروپانە لە لیستی تیرۆر بۆ هۆشداری پێدانیانە، بۆ ئەوەی ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران هەڵگیرسا هیچ جموجۆڵێک ئەنجام نەدەن.
هاوکات ئامانج لە دانانی ئەو گروپانە لە لیستی تیرۆر بۆ لاواز کردنی هێزە نزیکەکانە لە ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕێگرییکرد لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
هەندێکی تر لە چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دانانی ئەو گروپانە لە لیستی تیرۆر ئامانجێکی تری لە پشتەوەیە، ئەویش بۆ دەستکراوەیی ئەمەریکا دەگێڕنەوە لە هێرشکردنە سەریان لەهەر کاتێکدا بیەوێت.
ئەو گروپانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ناویان هێنراوە و خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بریتین لە گروپەکانی: (نوجەبا، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کەتیبەکانی سەید شوهەدا و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا).