ناسنامەی 15 هەزار هاوڵاتی لەعێراق سڕ کراوە

٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:١٠ پێش نیوەڕۆ

ناسنامەی 15 هەزار هاوڵاتی لەعێراق سڕ کراوە

پەنجەرە

زیاتر لە 15 هەزار هاوڵاتی کورد بەهۆی کێشەی تۆمارکردنەوە ناسنامەکانیان سڕکراوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: نەک ناسنامە، بەڵکو ژیانیشیان سڕکراوە.

'تسجیل مجدد' ئەو هاوڵاتیانەن لە بنچینەدا عێراقین و بەشێکی دیکەیان ئێرانین یاخود سوورین و لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێشوو یاخود لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووە هاتونەتە عێراق، پاش ئەوەی ناسنامەیان وەرگرت، بەهۆی بوونی گومانی ناسنامەی ساختە لە بەشێکی ئەو کەسانە، کارەکانی تەواوی کەسانی دیکەش ڕاگیراو کارتی نیشتیمانیان پێنەدرا.

حەسەن حسێن، دانیشتوی گوندی شێرەوەنی گەرمیانە، بۆ پەنجەرە وتی: ئێمە جنسییەمان هەیە، کێشەی نییە لەڕووی یاساییەوە، چونکە لەسەر پشتی کەسەکانی پێشترم ناسنامەم دەرکردووە، ئەوکاتەی ئێمە ناسنامەمان دەرکرد لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی پێشوو- نوری مالکی بوو.

وتیشی: خۆی کێشەی نییە، ئەوان کردوویانە بەکێشە، ئێستا کارەکانمان ڕاگیراوە، بۆ نمونە منداڵێکم تازە لەدایک دەبێت دەمەوێت ناسنامەی بۆ دەرکەم ناکرێ، یان کوڕەکەم ژن دێنێ ئەچێ بۆ دادگا ئەڵێم سورت قەید ئەڵێن ڕاگیراوە و نامدەنێ.

لەبەرامبەردا، پەرلەمانتارێکی عێراق باس لەوە دەکات زیاتر لە 15 هەزار کەس ئەم کێشەیەیان هەیە.

سوزان مەنسور، بە پەنجەرەی وت: نزیکەی 15 هەزار هاوڵاتی کە بە ڕەگەز کوردن، لە ئێستادا بەهۆی کێشەی تۆمارکردنی ناسنامەی عێراقییەوە، ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

ڕوونیکردەوە: تەنها لەگەرمیان 5 بۆ 7 هەزار هاوڵاتی هەن و کوردن و ئەم کێشەیەیان هەیە.

بە وتەی ناوبراو، ئەم کێشەیە ماوەی ساڵێکە سەریهەڵداوە، کاتێک نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیان.

سوزان مەنسور ڕوونیکردەوە: "وەزیری ناوخۆش نوسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامەی عێراق کرد، ئەویش بەڵێنی دا کە بە زوترین کات ڕێنمایی دەدات بە فەرمانگەكانی نفوسی قەزاکان و ئەو شوێنانەی کە ئەم کەسانەی تێدایە بۆ ئەوەی کارەکانیان بەڕێ بخرێت، بەڵام تائێستا کارەکانیان وەستاوە."

هۆکاری وەستاندنی کارەکان، بە وتەی سوزان مەنسور، دەگەڕێتەوە بۆ گومانەکانی "ساختەکاری" لە بەشێک لە ناسنامەکاندا. لەمبارەیەوە، وتی: "منیش پێیانم وتووە کە ئەوەی ساختەکارییە کارەکانی بوەستێنن، بەڵام ئەوەی ساختەکاری نییە کارەکانی بۆ بکەن، چونکە بەشێکیان خێزانیان پێکهێناوە و لە دادگا مارە ناکرێن، هەندێکیان منداڵیان بووە و منداڵەکانیان ناسنامەیان بۆ دەرناکرێت، هەندێکی تریش کاری سەفەریان هەیە و پاسپۆرتیان بۆ دەرناکرێت، لەگەڵ چەندین کێشەی تر لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەی نیشتیمانییان نییە. دەتوانین بڵێین ژیانی ئەم خەڵکە سڕ کراوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سوزان مەنسور ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو جارێکی تر لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامە قسەیان کردووەتەوە. "دوا بڕیاریشمان ڕێکخستنی دانیشتنی نوێنەرانی ئەم خەڵکانەیە لەگەڵ سەرۆک وەزیران، چونکە سەرۆک وەزیران دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە و دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو