40 بۆ 90%ـی کاڵای هاوردەکراوی دەروازەکانی هەرێم بۆ عێراق و سوریایە
٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
زۆربەی ئەو بارە خۆراک و کاڵا و شمەکانەی لە دەروازەی هەرێمی کوردستانەوە لە تورکیاو ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بەشێکیشی بۆ سوریا ڕەوانە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو بارانەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە لە تورکیاوە هاوردەی هەرێم دەکرێن، 60%ـی بۆ خوارووی عێراق دەبرێن.
هەرچی ئەو بارانەی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە و لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن، بەشێکی بۆ ناوخۆی هەرێم دەچن بەتایبەتی هەولێر و دهۆک، لە کاتێکدا بەشێکی بۆ سوریایە و لە دەروازەی فیشخاپورەوە ڕەوانە دەکرێت، بەشەکەی تریشی بۆ ناوچەکانی عێراقە.
هەرچی ئەو مادە خۆراکی و کاڵا و شمەکانە هەیە کە لە دەروازەی باشماخەوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، بەشی زۆری بۆ ناوخۆی هەرێمە، بەڵام ئەو بارانەی لە دەروازەی پەروێزخانەوە هاوردە دەکرێن، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبرێن.
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، 40%ـی بارەکانی دەروازەی باشماخ و 90%ـی بارەکانی دەروازەکانی پەروێزخان، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبرێن.