'یونامی' ماڵئاوایی دەکات؛ بەم هەنگاوە عێراق چی لەدەستدەدات؟
٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا، ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کۆتایی دێت، لەکاتێکدا یۆنامی لەماوەی 22 ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵی گەورەی لە لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و پرسە جیاوازەکان دا گێڕاوە.
یۆنامی لە ساڵی 2003 لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ژمارە 1500 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نێردەی عێراقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام داوای یەکگرتووی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردی کردووە.
بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بریتییە لە: ئامۆژگاریکردن، هاوکاریکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
یۆنامی یۆنامی لە نێوان فشار و پشتگیرییدا
هەوڵەکانی جنین پلاسخارت، نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لایەنە شیعەکانی نیگەران کردبوو، ئەمەش وایکرد ئەو لایەنانە بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق تۆمەتباری بکەن.
لە مانگی 11ـی ساڵی 2023، چەند لایەنێک لە شیعەکانی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامیان لە عێراق کرد، بە بیانووی ئەوەی عێراق لە هەموو بوارەکاندا گەشەی کردووە و پێویستی بە بوونی نێردە
دیپلۆماسییەکان نەماوە.
ڕۆژی 14ـی مانگی یازدەی 2023، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد کۆتایی بە ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بێت، چونکە عێراق لە هەموو بوارەکاندا گەشەیکردووە و پێویستی بە نێردە دیپلۆماسییەکان نەماوە.
لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی کۆبوونەوەیەکی ئەوکاتیدا لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پێویستی مانەوەی ئەرکی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگی کاراتربوونی ڕۆڵە سیاسییەکەی کرد.
لە نێوان پشتگیری و ڕەتکردنەوەی پێویست بوونی ڕۆڵی یۆنامی لە عێراق لەلایەن بەرپرسانی عێراق و هەرێم، ڕۆژی 30ـی ئایاری 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی یۆنامی تاوەکو 31ـی پێنجی 2024 درێژکردەوە. ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، هاوکاری حکومەتی عێراق بکات بۆ ڕەخساندنی دیالۆگی ئاسایشی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی عێراق.
یۆنامی ماڵئاوایی دەکات
ڕۆژی 31ـی ئایاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەکۆی دەنگ، لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق، بڕیاریدا لە کۆتایی ساڵی 2025، کۆتایی بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بهێنێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: کۆتایی هاتنی ئەو ئەرکە بە واتای دابڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان نایەت.