ڕاکان جبوریی دوای براکەی ئەمجارە کوڕەکەی کاندید دەکات
٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٥٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە نێو بازنەی خێزانەکەیدا دەخولێتەوە و هەرجارەو کەسێکی خێزانەکەی کاندید دەکات، جاری پێشوو براکەی و ئەمجارە کوڕەکەی لە جێگەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کاندید دەکات.
دوای ئەوەی تۆمەتی گەندەڵی درایە پاڵ و لە کێبڕکێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوور خرایەوە، ڕاکان جبوریی، پارێزگاری پێشووی کەرکوک، قوتەیبەی کوڕی لە جێگەی خۆی کاندید کردووە.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: راکان جبوری قوتەیبەی کوڕی لە جێگەی خۆی کاندید کردووە، چونکە مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی لێوەرگیراوەتەوە.
جبوریی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـیشدا، خۆی و 'سەهم'ـی برای لەیەک لیسدا کاندید بوون.
سەرچاوەیەکی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، ڕاکان جبوریی بۆیە براکەی لەگەڵ خۆی کاندید کرد، دەیویست خۆی لە پۆستی پارێزگاردا بمێنێتەوە و براکەی لە جێگەی خۆی بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام ئەمەی بۆ نەکرا.