كیتۆ؛ ڕێگایەک بۆ دابەزاندنی کێش یان مەترسییەک بۆ تەندروستی؟
٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
سیستەمی خۆراکی کیتۆ (Ketogenic diet)، کە لە ئێستادا زۆرترین مشتومڕ و بانگەشەی لەسەرە، بووەتە بابەتی گەرمی ئەو کەسانەی بەدوای دابەزاندنی کێش و باشترکردنی تەندروستییانەوەن. لە کاتێکدا لایەنگرانی بە موعجیزەی لەشڕێکی دەزانن، ههندێك له شارەزایانی خۆراک هۆشداری دەدەن لە مەترسییە تەندروستییەکانی درێژخایەنی.
کیتۆ چییە و چۆن کاردەکات؟
سیستەمی کیتۆ بەگشتی پشت بە خواردنی چەوری زۆر، پرۆتینی مامناوەند و کاربۆهیدراتی زۆر کەم دەبەستێت. واتە خواردنی گۆشت ئاساییە، بەڵام بۆ ئارەزوومەندانی برنج و نان قورسە، چونکە ئەم خواردنانە پڕن لە کاربۆهیدرات.
بەگوێرەی دهستهى پزیشکی نیشتمانی ئەمەریکا، کیتۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1921 لەلایەن دکتۆر ڕەسێل وۆڵدەر لە کلینیکی مایۆ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی گەشکە (Epilepsy) لە منداڵاندا بەکارهێنرا. دواتر، بە دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەرتر، گرنگییەکەی کەمبووەوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەت بۆ دابەزاندنی کێش، دیسانەوە بووەوە بە جێگەی بایەخ.
شارەزایانی کلینیکی مایۆ ڕوونی دەکەنەوە، پەیڕەوکارانی کیتۆ ئەو خواردنانە دەخۆن کە بڕێکی باش چەورییان تێدایە وەک (چەرەزات، کونجی، پەنیر، ماست، زەیتەکان و سەوزەواتی کەم نیشاستە)، لەگەڵ بڕێکی کەم لە گۆشت، هێلکە و ماسی.
لە بەرامبەردا، بڕێکی زۆر کەم لە سەرچاوەکانی کاربۆهیدرات وەک (برنج، نان، شیرینی، پاستا، پەتاتە، گەنمەشامی، پاقلەمەنی و هەندێک میوە) دەخورێت. خواردنەوەکانیش سنووردارن بۆ چا و قاوەی تاڵ و دوورکەوتنەوە لە شەربەتی شیرین، کحول و خواردنەوە گازییەکان.
جەیسن ئیوۆڵت، شارەزای ڕجێمی خۆراکی لە کلینیکی مایۆ، چۆنیەتی کارکردنی کیتۆ لەسەر جەستە ڕوون دەکاتەوە: "کاتێک سەرچاوەکانی کاربۆهیدرات کەم دەکرێتەوە، جەستە ناچار دەبێت پشت بە چەوری لەش ببەستێت بۆ دروستکردنی وزە. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت (کیتۆسس) و تێیدا جگەر (کیتۆن) دروست دەکات کە وەک سەرچاوەی وزە بەکاردێت لە جیاتی گلوکۆز."
ئایا کیتۆ بەڕاستی کێش دادەبەزێنێت؟
لێکۆڵینەوەکانی کلینیکی مایۆ دەریدەخەن، کیتۆ دەبێتە هۆی سووتاندنی چەوری لەش دوای نزیکەی 2 بۆ 3 هەفتە. کۆمەڵەی نیشتمانی لیپید لە ئەمریکا دەڵێت، ڕجێمێکی کەم کاربۆهیدرات دەتوانێت لە ماوەی 2-6 مانگ زیاتر لە سیستەمەکانی تر یارمەتی دابەزاندنی کێش بدات.
بەڵام، کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. کارۆڵ کیرک پاتریک، شارەزا لە زانکۆی ئایدەهۆ، دهڵێت: "دوای 12 مانگ، سیستەمەکە بە بەراورد بە ڕجێمەکانی تر گرنگی لەدەست دەدات."
پریا تیو، شارەزای ڕێکخستنی سیستەمی خۆراکی، بۆ بی بی سی ڕوونی دەکاتەوە: "کیتۆ بۆ هەندێک چارەسەر گونجاوە، بەڵام لەوانەیە باشترین بژاردە نەبێت بۆ دابەزاندنی کێش." ئەو ئاماژە بەوە دەکات کاربۆهیدرات ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و کەمکردنەوەی درێژخایەن نییە.
لایهنه گهشهكهى كیتۆ؛ موعجیزهى كێش دابهزاندن
د. مەزن جەمیلە، پزیشک و خاوەنی چێشتخانەیەکی تایبەت بە خۆراکی کیتۆ، باس لهوهدهكات كه "کیتۆ گۆڕانکاری گەورەی دروستکردووە."
ئهو بۆ پەنجەرە ئاشکرای دەکات: "کەسێک هەبووە کێشی 207 کیلۆ بووە، بەڵام بە کیتۆ کێشی بۆ 97 کیلۆ دابەزاندووە."
دهشڵێت: زۆرترین کەس سوودیان لەم سیستەمە بینیوە، تەنها لە کۆی 100 کەس یەک کەس ڕەنگە سوودی وەرنەگرتبێت، ئەویش بەهۆی پابەند نەبوون یان هەبوونی گرفتی هۆرمۆنی وەک غودەی تەمەڵ.
تاریکاییە شاراوەکان؛ مەترسییەکانی کیتۆ
سکۆڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد هۆشداری دەدات لە چەندین مەترسی کیتۆ، بەتایبەت خەستبوونی خوێن بەهۆی زۆری چەوری و بەرزبوونەوەی "چەوری خراپ" (LDL کۆڵسترۆڵ) کە سەرچاوەی سەرەکی نەخۆشییەکانی دڵە.
مەترسییە تەندروستییەکانی تریش بریتین لە:
نەخۆشییەکانی جگەر: بەهۆی فشار خستنە سەر جگەر بۆ سووتاندنی بڕێکی زۆر لە چەوری.
نەخۆشییەکانی گورچیلە: خواردنی بڕێکی زۆر لە پرۆتین فشار دەخاتە سەر گورچیلەکان.
قەبزبوون: کەمبوونەوەی ڕێژەی فایبەر کە گرنگە بۆ کۆئەندامی هەرس.
کەمبوونەوەی ڤیتامین و کانزاکان: بەهۆی سنووردارکردنی سەرچاوەکانی سەوزە، میوە و دانەوێڵە، مەترسی کەمبوونەوەی ماگنیسیۆم، سێلینیۆم، فسفۆر، ڤیتامین B و C دروست دەبێت.
کاریگەری لەسەر مێشک: کەیسی مەکمانوس، بەڕێوەبەری بەشی خۆراک لە زانکۆی هارڤارد، ئاماژە بەوە دەکات مێشک پێویستی بە شەکر هەیە لە سەرچاوە تەندروستەکانی کاربۆهیدرات بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی. ئەو هۆشداری دەدات: "ئەو ڕجێمانەی کاربۆهیدراتیان کەمە دەبنە هۆی شڵەژان و توڕەیی."
بەڵام د. مەزن جەمیلە پێیوانییە کیتۆ کاریگەری خراپی هەبێت و دەڵێت: "خواردنی شیرینی تەنها جەستە قەڵەو دەکات و هیچ سوودێکی نییە، ئەگەر شیرینیش نەخورێت جگەر خۆی ڕۆژانە 200 گرام شەکر دروست دەکات."
لەکۆتاییدا، کیتۆ وەک شمشێرێکی دوو سەر وایە؛ لە کاتێکدا دەتوانێت خێرا کێش دابەزێنێت، مەترسییە درێژخایەنهكانى جێگهى دڵهڕاوكێن، لهم نێوهندهشدا ئهوهى یهكلاكراوهتهوه ئهوهیه كه بۆ گرتنهبهرى، مرۆڤ پێویستی به ڕاوێژی پزیشکیی هەیە.