عەزاوییەکانی کفری لە بڕیاری جێهێشتنی شارەکە پاشگەزبوونەوە
٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٥٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی سەرۆک عەشیرەتی عەزاوی ڕێنمایی بۆ ئەندامانی عەشیرەتەکەی دەرکرد قەزای کفری بەجێبهێڵن، بەڵام دوای گفتوگۆ لەگەڵ کردنی لەلایەن بەرپرسانی ئیداری کفرییەوە، لە بڕیارەکەی پاشگەز بوویەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، دوای کوژرانی باوک و کوڕە عەرەبەکەی کفری کە سەر بەعەشیرەتی عەزاوی بوون، تەڵال حەبیب، سەرۆک عەشیرەتی عەزاوی، داوای لە ئەندامانی عەشیرەتەکەی کردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا قەزای کفری بەجێبهێڵن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک عەشیرەتی عەزاوی و بەرپرسێکی ئیداری کفری ئەنجامدراوە، بەرپرسە ئیدارییەکە داوای لێکردووە لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە، چونکە هەموو خەڵکی کوردستان نیگەران بوون بە کوژرانی باوک و کوڕەکە.
بەرپرسە ئیدارییەکەی کفری بە سەرۆک عەشیرەتی عەزاوی ڕاگەیاندووە: بارکردنی عەزاوییەکان کارێکی جوان نییە بۆ کورد، لەهەموو ناوچەیەکیش کردەی تاوانکاریی ڕوو دەدات.
سەرچاوەکە دەڵێت: سەرۆک عەشیرەتی عەزاوی وتویەتی، ئەندامانی عەشیرەتەکەی پێیانخۆش نەبووە کفری بەجێبهێڵن، بۆیە ئێمەش پێداگیریمان لەسەر مەسەلەکە نەکردووە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٧٠ خێزانی عەزاوی نیشتەجێی قەزای کفرین، ئەو کوڕ و باوکەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کفری کوژران سەر بەو عەشیرەتەن.