چالاکوانێکی تورکمان: بەهۆی فرەژنی و زۆریی وەچەخستنەوەوە عەرەب لە کەرکوک زۆر زیادیکردووە
٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
فرە ژنی لە نێو عەرەبەکانی کەرکوک دا وایکردووە ڕێژەی عەرەب بە شێوەیەکی نائاسایی لەو شارە زیاد بکات، لەکاتێکدا فرە ژنی لە نێو کورددا بەو ڕێژە زۆرە نییەو لە نێو تورکمانیشدا دەگمەنە.
ئیمان عەدنان، چالاکوانی ژنانی تورکمانی لەکەرکوک، دەڵێت: لە 300 پیاوی تورکمان، یەک پیاو ژنی دووەم دەهێنێت،ناڵێم فرە ژنی لە نێوماندا حەرامە، بەڵام نیمچە قەدەغە کراوە.
دەشڵێت: ئەو پیاوەی ژنی دووەم دەهێنێت هۆکاری هەیە، یان منداڵی نییە، یاخود داهات و ژیان و گوزەرانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
پێشتر ڕێکخراوەکانی سەر بە هێزە تورکمانییەکانی کەرکوک، هۆشداریاندا لە کەمبوونەوەی ژمارەی تورکمان و داوای وەچەخستنەوەی زیاتریان لە خێزانە تورکمانەکان کرد.
ئیمان عەدنان وتی: ژمارەی تورکمان کەم نەبووەتەوە، بەڵام سروشتی تورکمانەکانی نیشتەجێی ناو شاری کەرکوک وایە، لە دوو منداڵ و سێ منداڵ زیاتر نەهێننە دونیاوە، چونکە بژێوی قورسە و حەزیان لە ژیانێکی کپ و بێ دەنگیشە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لای رێکخراوەکانی ژنانی کەرکوکن، فرەژنی و خستنەوەی منداڵی زۆر و تەنانەت توندوتیژی خێزانیش، زیاتر لە گوندە عەرەب نیشینەکانی کەرکوک بەربڵاون و تۆمارکراون، بەو پێیەی خاوەنی دابونەریتی جیاوازترن لە نەتەوە و پێکهاتەکانی تری کەرکوک.
بەپێی ئەنجامی دواین سەرژمێری کە لە عێراق ئەنجامدرا، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک سروشتی نیە، بەڵکو زیادبوونی میکانیکییە، بەو پێیەی زیادبوونەکە زۆر لە ڕێژەی سروشتی زیاترە.
لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک لە ساڵی 1922 بە کەلار و کفری و چەمچەماڵیشەوە، 108 هەزار و 750 کەس بووە، بەڵام لە سەرژمێری ساڵی 2024 دا، ئەو قەزایانە لە چوارچێوەی کەرکوکدا هەژمار نەکراون و دانیشتوانی پارێزگاکەش گەیشتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس، واتە ژمارەکە 500% زیادیکردووە.