نەوتی هەرێم تادەگاتە بەندەری جەیهان بە 6 وێستگەدا تێدەپەڕێت
٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیارە کاتژمێر 6ـی بەیانی سبەینێ ڕۆژی شەممە، نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە بکرێت، سەرچاوەیەکیش لە کۆمپانیای نەوتی باکور دەڵێت: نەوتی هەرێم تا دەگاتە جەیهان بە شەش وێستگەدا تێدەپەڕێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تا ئێستا بڕیارەکە وایە، سبەی شەممە، نەوتی هەرێم لە خورمەڵەوە ڕەوانەی فیشخاپور و لەوێشەوە بۆ تورکیا دەنێردرێت.
سەرچاوەکە دەڵێت: لە فیشخاپورەوە تا جەیهان سەرووی 600 کیلۆمەترە، نەوتی هەرێم بەناو تورکیادا بە شەش وێستگەدا تێپەڕ دەبێت، وێستگەی ps1 تا وێستگەی Ps6.
کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ ڕایگەیاند: لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە هەناردە دەکرێت. پلانیش هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو رێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
دەشڵێت: پرۆسەی هەناردەکردنەکە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت و کاتژمێر 6ـی بەیانی دەست پێدەکات، قسەمان لەگەڵ لایەنی تورکی کردووە و ئەوان بۆ وەرگرتنی نەوتەکە ئامادەن.
پێشتریش ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕایگەیاندبوو لە ڕۆژی شەممەوە ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێریی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێدەکات.