پارتی لە بەغدا پاڵپشتی لیستێک دەکات؛ "کورد و شیعە چاویان لەبەدەستهێنانی دەنگی فەیلییەکانە"
٢٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی لە شاری بەغدا خستووەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردانی فەیلی و پاڵپشتی لیستێک دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە هێز و لایەنە شیعەکانیش کاندیدیان لە نێو کوردانی فەیلی داناوە.
لیستی بەرەی کوردانی فەیلی لەلایەن ماهیر ڕەشیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و پارتی پاڵپشتی دەکات، لیستەکە ژمارەیەکی زۆر کاندیدی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە.
هاوکات هێز و لایەنە شیعەکانی تریش ژمارەیەکی زۆر کاندیدیان لە نێو کوردانی فەیلی داناوە و دەیانەوێت دەنگی ئەم پێکهاتە کوردییە بەدەستبهێنن.
هاوپەیمانێتی ئەساس لەلایەن موحسن مەندەلاویی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، عەلی شامل مەندەلاویی و ئاڵا تاڵەبانی لەسەر ئەم لیستە کاندیدن لەبەغدا.
هەروەها ژمارەیەک کوردی تری فەیلی لەسەر ڕێکخراوی بەدرو عەسایبی ئەهلی حەق خۆیان کاندید کردووە.
هەر دوێنێش پەنجەرە بڵاویکردەوە: سێ کوردی تری نیشتەجێی شاری بەغدا لەسەر هاوپەیمانێتییەکەی محەمەد شیاع سودانی- سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید کردووە، کە یەکێکیان پێشتر کادیری یەکێتی نیشتمانی بووە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس شەهاب ئەحمەد قەرەولووسی، یەکێک لەو کوردانەیە کە لەسەر لیستەکەی سەرۆکوەزیران خۆی کاندید کردووە. ناوبراو کەسایەتییەکی کوردی فەیلی بەغدایە و یەکێکە لە سەرمایەدارە دیارەکان.
ئايات ئەدهەم سوورەمەیری، کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و لەسەر لیستەکەی محەمەد شیاع سودانی خۆی لە بەغدا کاندید کردووە.
هەروەها پارێزەر عامر داود شوهانی، کوردێکی تری نیشتەجێی بەغدایە و عەباس قورتوبە پشتگیری دەکات لە ناو حەشد، عەباس قورتوبە پێشتر پاسەوانی ئاراس حەبیب کە دەستە ڕاستی ئەحمەد چەلەبی بووە، ئەویش لەسەر هەمان لیست خۆی کاندید کردووە.