"پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی ناوچەکە"؛ ئەجێندای کۆبوونەوەکەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی
٢٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پیرم کۆبوونەوە، پەنجەرە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادارەوە ئەجێندای کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، کۆبوونەوەکەی بارزانی و تاڵەبانی بەهاندانی ئەمەریکا و ئەوروپا ئەنجامدراوە، بەتایبەت دوای سەردانەکەی بارزانی بۆ پاریس بەڵێنی دەستپێشخەری و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەجێندای کۆبوونەوەکە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: محەمەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، پارتی و یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ پێکنەهێنانی حکومەت، بۆیە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەی بارزانی و تاڵەبانی ئەم مەسەلە دەبێت.
سەرچاوەکە دەڵێت: بارزانی و تاڵەبانی تاوتوێی پێشهاتەکان دەکەن کە ئەگەری هەیە لەناوچەکە ڕووبدات، چونکە بارزانی لە ڕێگەی ئەوروپاوە لە زۆر پێشهات ئاگادار کراوەتەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بارزانی و تاڵەبانی گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی ڕادەستکردنی نەوت بەعێراق و هەڵبژاردیش دەکەن، چونکە پارتی و یەکێتی پێیانوایە خەڵک کەم بەشداریی هەڵبژاردن دەکات.