بەرەی گەل: ئاگاداری زانیارییەکانی ئاڵا تاڵەبانی نین لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی لاهور شێخ جەنگی
٢٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای هێرشکردنە سەر لالەزار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، ئاڵا تاڵەبانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کردووە و پێکەوە لەسەر کێشەی لاهور شێخ جەنگی گفتوگۆیان کردووە.
هەرچەندە ئاڵا تاڵەبانی، له دیدارێكدا لهگهڵ كهناڵی ئهلئولا، ڕایگەیاندووە: کێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کێشەی خێزانییە و بەمزوانە چارەسەر دەبێت، بەڵام سەرچاوەیەک لەبەرەی گەل زانیاری جیاوازتر بۆ پەنجەرە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەکەی بەرەی گەل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، لە دیداری نێوان بافڵ تاڵەبانی و ئاڵا تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی زۆر توند بووە بەرامبەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئاڵاخان خۆی باسی لە توندی بافڵ تاڵەبانی بەرامبەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی کردووە، بەڵام نازانین چی گۆڕانکارییەکی نوێ ڕوویداوە کە ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت بەم زووانە کێشەکە چارەسەر دەبێت.
ئاڵا تاڵەبانی ، ڕاوێژکاری حکومەتی عێراق و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلئولا ڕایگەیاند: بەمزووانە کێشەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کۆتایی دێت.