هەرێم لەبەردەم لێشاوی پارەی ساختەدا؛ خەریکە پارەی ساختە جێگەی مادەی هۆشبەر دەگرێتەوە

٢٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:١٥ پاش نیوەڕۆ

هەرێم لەبەردەم لێشاوی پارەی ساختەدا؛ خەریکە پارەی ساختە جێگەی مادەی هۆشبەر دەگرێتەوە

پەنجەرە

دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان جموجۆڵی چڕیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت: بەزۆریی ئەو دراوانە لە ئێرانەوە دەهێنرێن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ئەو دراوە ساختە عێراقی و بیانیانەی لە بازاڕەکانی هەرێم دا بڵاو بوونەتەوە، لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن و لە دەروازە سنورییەکانەوە دەهێنرێنە ناوخۆی هەرێم.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژەبەوەدەکەن، چەند کەسێک لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارگەی دروستکردنی دراوی عێراقی و دۆلاری ئەمەریکیان داناوە و ئەوان سەرچاوەی ناردنی دراوی ساختەن بۆ هەرێم.

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو دۆلارە ساختەی لە بازاڕەکانی هەرێم دا بڵاو بووەتەوە، هەر 10 هەزار (دەفەرێک) دۆلاری بە 4 هەزار (40 گەڵا) دۆلار دەفرۆشرێتە ساختەکارەکان بۆ ئەوەی لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە.

سەرچاوەکە دەڵێت: لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ژمارەیەک ساختەکار دەستگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر بڕێکی زۆر پارەی ساختەدا لەناوچە جیاوازەکان.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، هۆشداریی بە هاوڵاتیان دا لە بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە و ئاماژەی بەوەکرد دراوی ساختە بە دوکاندار و کاسبکاران دراوە.

لایخۆشییەوە، موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆربەی دوکاندار و خاوەن نوسینگەکانی دراو، ئامێری ناسینەوەی دراوی ساختەیان داناوە، دەزگا ئەمنییەکانیش چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو