کشانەوەی ئەمەریکا؛ ترسی شیعە لە گورزی سەربازیی و ترسی کورد لە تێکچوونی باڵانس 

٢٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ

کشانەوەی ئەمەریکا؛ ترسی شیعە لە گورزی سەربازیی و ترسی کورد لە تێکچوونی باڵانس 

په‌نجه‌ره‌

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەرچەندە لەلایەن حکومەت و لایەنە شیعەکانەوە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام لایەنە کوردی و سونییەکان لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەدان لەعێراق.

مانگی ڕابردوو، بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کشانەوەو چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم هێزەکانی ئەو وڵاتە عێراق بەجێبهێڵن، لایەنە عێراقییەکانیش هاوڕا نین لە کشانەوەکە.

ڕەملە حەمید، ئەندامی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، به‌ په‌نجه‌ره‌ى وت: نامانەوێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دۆخی ئەمنی عێراق بەرەو خراپتر ببات.

هەرچەندە ئەمەریکا کشانەوەی هێزەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق و گۆڕانی جۆری پەیوەندی نێوانیان دەگێڕێتەوە، بەڵام کشانەوەکە بۆ سەرجەم و لایەن و پێکهاتەکانی عێراق مایەی مەترسییە.

لایەنە شیعەکان هەرچەندە لەگەڵ کشانەوەی ئەمەریکادان لە عێراق، بەڵام ترسیان هەیە لەوەی کشانەوەکە هۆکاری نهێنی لەپشتەوە بێت و دواجارهێرش و گورز لێوەشاندنیانی بەدوادابێت.

سەرچاوەی مەترسی لایەنە کوردی و سونیەکان جیاوازترە، هەرچەندە پاساویان بۆ پشتگیریکردن لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا زیندووبوونەوەی داعش و تێکچوونی دۆخی ئەمنییە، بەڵام سەرچاوەی مەترسیەکەیان زیاتر سیاسیە وەک لە ئەمنی.

کورد و سونە دەترسن لە غیابی هێزەکانی ئەمەریکادا، باڵانسی نەتەوەیی و پێکهاتەیی تێکبچێت، هێزە شیعیەکان خواستەکانیان وەلانێن و باڵادەستتربن بەسەر دۆخی عێراق دا.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێزە شیعیە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەهەموو لایەنەکانی تر سوورترن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و پێشتر بەردەوام بنکەکانی هێزە ئەمەریکاییەکانیان بۆردومانکردووە.

رەملە حەمید، دەڵێت: سەقامگیریی دۆخی عێراق و پارێزراویی سنور و گەلی عێراقمان دەوێت، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو