"هەندێک لە سکاڵاکاران سکاڵاکەیان کشاندووەتەوە"؛ زانیاریی لەبارەی دۆسییەکەی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید
٢٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٢٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید برایە بەردەم دادوەر، پەنجەرە زانیاریی لەبارەی وردەکاریی دۆسییەکە دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، جیاواز لە جارەکانی پێشوو، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە کەلەبچە کراویی برایە دادگا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دادگاییکردنی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید لەسەر سکاڵای پێنج رۆژنامەنووس و دوو دەزگای ڕاگەیاندن بووە، بە تۆمەتی ئەوەی پێشتر لەڕێگەی پەیج و سۆشیال میدیاوە هێرشی کردووەتە سەریان، سکاڵایان تۆمار کردبوو.
سکاڵاکاران بریتین لە: کەمال رەئوف- بەڕێوەبەری شارپرێس، تاریق فاتیح- سەرنوسەری هاوڵاتی، سیروان رەشید- سەرنووسەری ماڵپەڕی زەمەن و چەند ڕۆژنامەنوسێکی تر.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەو ڕۆژنامەنوسانە سکاڵاکانیان لەسەر شاسوار عەبدولواحید کێشاوەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەنوسێکی یەکێتی کە یەکێکی ترە لە سکاڵاکارەکان، سکاڵاکەی نەکشاندووەتەوە، هەربۆیە دۆسیەکە بەردەوام بووە.
ئەمڕۆش دوای دادگاییکردن، دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی دۆسیەکە.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: ئەو 60 موڵکەی کە هی کۆمپانیاکانی چاڤی و نالیان، هەفتەی داهاتوو لە زیادکردندا دەفرۆشێت، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە حکومییەی لەسەرێتی بڕەکەی سەرووی 91 ملیار دینارە.