کۆمپانیای نەوتی باکوور: بیرە نەوتیەکانی کەرکوک لەلایەن هەرێمەوە زیانیان پێگەیەنراوە
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاشکرایکرد، بیرە نەوتیەکانی کەرکوک ئەوکاتەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان دا بوون، زیانیان پێگەیەنراوە و زیاد لە پێویست نەوتیان لێدەرهێنراوە.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکور، زانیاری وردی بە پەنجەرەدا و ڕایگەیاند: ئێستا جیاوازتر کاری دەرهێنانی نەوت لە بیرە نەوتیەکانی کەرکوک ئەنجام دەدرێت، کۆمپانیای بی پی (BP) بەریتانیش سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیەکان.
بەپێی وتەی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەراورد بەسەردەمی حکومەتی هەرێم، ئێستا نەوت لەکەرکوک کەمتر بەرهەم دەهێنرێت، چونکە بهوتهى خۆی کۆمپانیاكهیان "بەشێوەیەکی ئەندازیاریی تەواو کاردەکات، تا بیرەکان زیانیان پێنەگات بۆ داهاتوو."
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور وتیشی: ئەوەی هەرێم دەیکرد، مەبەستی بوو بەرهەمی زیاتر بێت، ئەو بیرانە زیانیان دەبوو، بەڵام ئێمە زۆر ئەندازیارانە ئیشیان تێدا دەکەین.
سەبارەت بەچۆنیەتی زیانگەیاندن بە بیرە نەوتیەکانی کەرکوک ئەوکاتەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێم دا بوون، سەرچاوەکە وتی: جاران لە بای حەسەن 160 بۆ 170 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرا، بەڵام ئێمە 120 هەزار بەرمیلی لێ دەردەهێنین، ئەوان لەسنووری خۆی زیاتر نەوتیان دەردەهێنا، بۆیە لەم حاڵەتەدا یان غاز سەردەکەوێ یان ئاو، ئێمە زیاد لەپێویست دەرناهێنین، تا بیرەکان زیانیان پێنهگات.