گومان دەکرێت ئەو کەسانەی لە مەریوان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ئێرانەوە ئەندامی پژاک بن
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەچوار ڕیانی موسک لە شاری مەریوان هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کەسێکیان دەستگیرکردووەو دوو کەسی تریش چارەنوسیان نادیارەو گومان دەکرێت ئەندام و چەکداری پژاک بن.
ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو سێ کەسەی کە لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێرانەوە گەمارۆ دراون لە دوو کوڕو کچێک پێکهاتبوون، یەکێک لە کوڕەکان بریندار بووەو بەڕێگەوە بوون بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان.
وتیشی: بریندارەکە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، بەڵام چارەنوسی کوڕ و کچەکەی تر نادیارە، ئەگەرچی هەندێک زانیاری لەبەردەستدان خراونەتە نێو ئۆتۆمبێلێک و بەشێوەی تەرم مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
جەختیشیکردەوە: ئەو ئۆتۆمبێلەی بە سێ کەسەکە بووە ژمارەی پارێزگای سنەی پێوە بووە، بۆیە ڕەنگە یەکێک لەو سێ کەسە ئەندامی ڕێکخستنەکانی ناو شار بووبێت.