ئەگەر هەیە دەنگەکانی پارتی و یەکێتی بۆ دوو لیستی عەرەب بڕوات
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پارتی و یەکێتی لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە لەچوارچێوەی دوو لیستی عەرەبی دا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردووە، ئەگەر کاندیدەکانیان دەرنەچن هەموو دەنگەکانیان بۆ ئەو دوو لیستە عەرەبییە دەڕوات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دا لە پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی 11 هەزار دەنگی هێناو کورسییەکی پەرلەمانی مسۆگەر کرد.
یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاندیدی لە نێو لیستی جەماهیردا هەیە، کە لیستەکە لەلایەن ئەبو مازن، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
حەسەن محەمەد، جێگری مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاندیدەکەی یەکێتی لە نێو لیستی جەماهیردا بەهێزەو چانسی سەرکەوتنی زۆرە.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ژمارەی دەنگەکانی لە پارێزگای دیالە بە نزیکەی 10 هەزار دەنگ مەزەندە دەکرێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدێکی ژنی لە نێو لیستی هاوپەیمانی "عەزم"ـی موسەنا سامەرائی داناوە.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانی عەزم دا هاوپەیمانێتیمان ئەنجام نەداوە، تەنها لە نێو لیستەکەیاندا کاندیدێکمان هەیەو هەوڵی سەرخستنی دەدەین.
ئەگەر پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی ئەو دوو لیستە عەرەبییەدا لە پارێزگاکانی دیالەو سەڵاحەدین، کاندیدەکانیان دەرنەچن و سەرکەوتن بەدەست نەهێنن، هەموو دەنگەکانیان لەو دوو پارێزگایە بۆ ئەو دوو لیستە عەرەبییە دەچێت.