فەرمانی گرتن بۆ 2 کوڕی جمهور حاجی ڕۆستەم دەرچوو
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٥٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای ئەوەی جمهور حاجی ڕۆستەم خۆی ڕادەستی پۆلیسی هەولێر کرد، سەرچاوەیەک دەڵێت: لە هەمان دۆسییەدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 2 کەسی تر دەرچووە.
ساهر عەلی جاسم، قایمقامی قەزای کفری، بە پەنجەرەی وت: بەپێی ئەوەی پێمان ڕاگەیەنراوە، ئەمڕۆ جمهور حاجی ڕۆستەم کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کوڕ و باوکێک لە کفری، خۆی ڕادەستی پۆلیسی هەولێر کردووە.
لایخۆشییەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە هەمان دۆسییەدا، جگە لە جمهور حاجی ڕۆستەم، ئێوارەی ئەمڕۆ بڕیاری دەستگیرکردن بۆ دوو کەسی تر دەرچووە کە هەردوکیان کوڕی جمهور حاجی ڕۆستەمن و تۆمەتبارن بەوەی لەگەڵ باوکیاندا کوڕ و باوکەکەی قەزای کفرییان کوشتووە.
شەوی (22ـی ئەیلولی 2025)، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاری شاری کفری و کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو زەویوزارەکەی خۆیدا لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە کفری، لەلایەن هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز عەرەبەوە کوژرا. دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەکە، 2 هاوڵاتی بە ڕەگەز عەرەب لە کفری کوژران کە باوک و کوڕێک بوون. بەوتەی پۆلیس، جمهور حاجی ڕۆستەم کە فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە، لە تۆڵەی کوشتنی ئەکبەری برایدا، ئەو دوو کەسەی کوشتووە بەوهۆیەی وایزانیوە کەسوکاری بکوژی براکەین، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بکوژەکە هیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ باوک و کوڕە کوژراوەکەی کفریدا نییە.
ڕووداوی کوشتنی باوک و کوڕەکەی کفری، کاردانەوەی زۆری کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێکەوتەوە.