سودانی 3 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە لیستەکانیان دادەبڕێت

٣٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٤٣ پاش نیوەڕۆ

سودانی 3 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە لیستەکانیان دادەبڕێت

پەنجەرە

سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە لیستەکەیان دادەبڕێت و دەیانباتە نێو لیستەکەی خۆیەوە، لەکاتێکدا هەر سێ ئەندامەکەی ئەنجومەن سەر بە لیستی جەماهیر بوون بە سەرۆکایەتی ئەبو مازن- پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەن کە لیستی جەماهیریان بەجێهێشتووە و پەیوەندییان بە لیستەکەی سودانیەوە کردووە،  کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئەبو مازندا نەبووە، بەڵام سودانی بەچڕی ئیش لەسەر هەموو لایەنەکان دەکات.

سەرچاوەکە دەڵێت: یەکێک لەو سێ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا کاندید کراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر لیستەکەی سودانی، بەڵام تۆمەتی بەعسیبوونی دراوەتە پاڵ و لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوور خراوەتەوە.

لیستەکەی سودانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـە و لەژمارەیەک هێز و پارتی شیعی و پەرلەمانتاری سەربەخۆ و کەسایەتی جیاواز پێکدێت. لیستەکە لە پارێزگای بەغدا خودی سودانی سەرۆکایەتی دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو