بۆ لادانی فشارەکان لەسەر کەمپی مەخمور پەکەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ دەکات
٣٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٤٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دانیشتوانی کەمپی مەخمور کە بەلایەنگرانی پەکەکە هەژمارد دەکرێن لەدۆخێکی مرۆیی خراپدان و فشارەکانی عێراق بۆ سەریان بەردەوامە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت پەکەکە بۆ لابردنی فشارەکان گفتوگۆی لەگەڵ عێراق کردووە.
غازی فەیسەڵ، کە فەرماندەیەکی پێشمەرگە خۆبەخشەکانە لە مەخمور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حکومەتی عێراق کارتی مانەوە بۆ دانیشتوانی کەمپی مەخمور نوێ ناکاتەوە و سوپاش سێ بازگەی لە نزیک کەمپەکە داناوە، دانیشتوانی کەمپەکە بۆ کرێکاریی و سەردانی پزیشک دەبێت لەڕێگەی ئەو سێ فلتەرەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
دەشڵێت: دۆخی تەندروستی و بژێوی دانیشتوانی کەمپی مەخمور لەوپەڕی خراپیدایە.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە، هەڕەشەی ناردنی گەریلای بۆ مەخمور کرد ئەگەر فشارەکانی سەر کەمپەکە لانەبرێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە کە ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پەکەکە لەبارەی کەمپی مەخمورەوە پەیامی بۆ عێراق ناردووە و داوای لابردنی فشارەکانی کردووە.
دەشڵێت: ئامانجی حکومەتی عێراق لە فشارخستنە سەر کەمپی مەخمور بێزارکردنی دانیشتوانەکەیەتی، تا ناچار ببن بۆ تورکیا بگەڕێنەوە، بەڵام گەڕانەوە ڕوونادات.
کەمپی مەخمور لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان دروستکراوەو نزیکەی 9 هەزار هاوڵاتی لە کەمپەکەدا نیشتەجێن، کە بەلایەنگرانی پەکەکە هەژمار دەکرێن.