4 بازگە لەنێوان هەرێم و عێراق دانراوە؛ دووجار گومرک لە بازرگانە کوردەکان وەردەگیرێت
٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢٣ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بازرگانە کوردەکان دووجار پارەی گومرکیان لێوەردەگیرێت، جارێک لە دەروازە سنوورییەکان و جارەکەی تر لەو بازگانەی کە لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی عێراق دانراون و ژمارەیان چوار بازگەیە.
ئەو گومرکەی عێراق لە بازرگانە کوردەکان وەریدەگرێت ناوی لێنراوە "گومرکی تەواوکاریی"، بازگەکانیش بریتین لە: بازگەی باوەمحمود لە سنوری خانەقین و ئێستا داخراوە، بازگەی چیمەن لەکەرکوک، بازگەی دارەمان لەنێوان هەولێر-کەرکوک و بازگەی سەد لە موسڵ.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، لەو بازگانە پسوڵەیەک بە بازرگانەکان دەدرێت و بڕێک پارەی تریان لە ژێر ناوی گومرکی تەواوکارییدا لێوەردەگیرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەو پارەیەی وەکو گومرک لەدەروازە سنوریەکانی هەرێم لێیان وەرگیراوە، کەمە.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژەبەوەدەکەن، بڕی ئەو پارەی لە بازگەکانی نێوان هەرێم و عێراق لە بازرگانەکان وەردەگیرێت جیاوازی هەیە، لە هەندێک بازگە پارەی زیاتر و لەهەندێکی تر پارەی کەمتر وەردەگیرێت.
وەرگرتنی بڕی پارە لە بازرگانەکان دەوەستێتەوە سەر ئەو کارمەندەی پارەکە وەردەگرێت و پەیوەندی کەسیی بازرگانەکە، بەڵام لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکدا پسوڵەیەک بە بازرگانەکان دەدرێت.