دۆخی کورد لە نەینەوا خراپە؛ پارتی جموجوڵی دەستپێکردووە

٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١:١٠ پاش نیوەڕۆ

دۆخی کورد لە نەینەوا خراپە؛ پارتی جموجوڵی دەستپێکردووە

پەنجەرە

پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک بارەگای لە موسڵ کردەوە، بەڵام هێشتا لە ناوچەکانی شەنگال بارەگای دانەناوەتەوە، بەرپرسێکی ئەو حزبەش دەڵێت حەشدی شەعبی بۆ کردنەوەی بارەگاکانیان گرفت دروست دەکات.

لە قەزای تەلەعفەر، لەناو شاری موسڵ، هەروەها لە ناوچەی حەسەن شام و حەی عەرەبی پارتی بارەگای داناوەو سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا لەناوچەی شەنگال بێ بارەگایە.

پارتی جگە لەوەی لە شەنگال بارەگای نیە، هەروەها لە زوممار، سنونێ، بەرتەلەو چەند ناوچەیەکی تر هێشتا بارەگای نەکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014، ئەو ناوچانەی بەجێهێشت.

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حەشدی شەعبی بۆ دانانەوەی بارەگای پارتی لەناوچە کوردستانیەکان گرفت دروست دەکات.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی جم و جۆڵی لەپارێزگای نەینەوا دەستپێکردووە.

دوێنێ چوارشەممە، هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی نەینەوا کۆبوویەوە، هەمان ڕۆژیش بارەگای پارتی لە تەلەعفەر کرایەوە.

مەحمود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا، ڕایگەیاند: پێویستە لەهەموو شوێنێک ئامادەبین و بارەگامان هەبێت، پلان هەیە لەهەموو ناوچەکانی نەینەوا بارەگا بکرێتەوە، بەڵام کردنەوەی بارەگاکان بەچەند قۆناغێک دەبێت و کاری لەسەر دەکەین.

جم و جۆڵی پارتی لە پارێزگای نەینەوا لەکاتێکدایە، لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پارتی لەو پارێزگایە 9 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێشبینی دەکرێت کورد ژمارەیەک کورسی لە نەینەوا لەدەست بدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو