بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن: کڕین و فرۆشتنی دەنگ پەرەیسەندووە
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن ئاماژە بە پەرەسەندنی "کڕین و فرۆشتنی دەنگ" لە هەڵبژاردنەکاندا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو حزب و لایەنانەی ئەم کارە دەکەن باوەڕیان بە جەماوەرەکەیان نیە، دەشڵێت: ئەو پارەی بۆ دەنگ کڕین بەکار دەهێنرێت، جێگەی گومانە و گەندەڵییە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاڵەتێک پەرەی سەندووە و بووە بە دیاردە، کە بریتییە لە کڕینی دەنگی دەنگدەران.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردیی بۆ هەڵبژاردن، ڕەخنەی توند لە هەوڵی لایەنەکان بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێگایە دەگرێت و پێیوایە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو لایەنانە باوەڕیان بە جەماوەرەکەیان نییە.
ئەو بە بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمە کارێکی قێزەون و ناشرینە و پرۆسەی دیموکراسی لەکەدار دەکات.
باسی لەوەشکرد ئەم حاڵەتە کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر بەربڵاو و لە هەرێمی کوردستانیش بە شاراوەیی پەرەیسەندووە، "وڵات وێران دەکات و هێزێک دەباتە سەر دەسەڵات کە دەنگەکانی بە پارە کڕیووە."
جەختیشدەکاتەوە سەرچاوەی ئەو پارەیەی دەنگەکەی پێ دەکڕدرێت جێی گومان و گەندەڵییە.