سەرکردەیەکی یەکێتی: لەگەڵ پارتی جیاوازین و دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی لە کەرکوکەوە بانگەشەی چڕی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات و ئاراستەی گوتاری سیاسی حزبەکەشی ڕوو لە بەغدایە.
سالار مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تێزی یەکێتی جیاوازە لەگەڵ پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، چونکە پێمانوایە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ڕەنگە هەندێک لایەن دوودڵ بن لەهەڵبژاردن و چاوەڕێی ڕوودانی ڕووداوێک بکەن بۆ ئەنجام نەدانی، بەڵام یەکێتی دەچێتە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و لەگەڵ ئەنجامدانی دایە.
دەشڵێت: لەگەڵ بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق نین، بەڵکو لەگەڵ ڕێککەوتنین لەسەر کۆی پرسەکانی: نەوت، خاک، ئیستیحقاقی پێشمەرگە و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی.
جەختیشیکردەوە: بە بایکۆتکردن و دوورگرتن لە چەقی ململانێ کە بەغدایە، سودمەند نابین و ناشمانەوێت دوور بین.
بڕیارە سبەی (3ـی تشرینی یەکەم) بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێبکات و هەتا ڕۆژی (8ـی تشرینی دووەم) بەردەوام دەبێت.