ئایا هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤٥ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
هەرچەندە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا چەند هێزێکی گەورەی عێراق گرەو لەسەر دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دەکەن.
د.یاسین تەها، شارەزا لە بواری کاروباری عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەموو هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراقی پاش 2003 لە وادەی خۆیاندا بەرێوەچوون، بەڵام بۆ ئەمجارە سەدر گرەو لەسەر ئەنجامنەدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، لەم میانەیەشدا کۆمەڵێک جموجۆڵ و نمایشی دەستپێکردووە بۆ خۆنواندن و گەیاندنی پەیامی ئەوەی كە ڕاستە بایكۆتی كردووە بەڵام لە كۆی پرۆسەكە دوور نییە.
وتیشی: سەدر خوازیارە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و دەرفەتێک بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی خۆیەوە بەشدار بێت.
ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بە زۆریی گرێدەدرێتەوە بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە کە ئێستا وەك یەكێك لە سیناریۆكان لە ناوچەكەدا باسی لێوە دەكرێت و ئێرانییەكانیش خۆیان بەدووری نابینن و بە ئاشكرا ئامادەكاریی بۆ دەكەن.
بەپێی وتەی د.یاسین تەها، ئەگەر تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئەنجامدانی هەڵبژاردن قورسە، بەو پێیەی ئەگەری تێوەگلانی هێزەکانی عێراق لەو شەڕەدا هەیە و نەك هەر ئەوەش سەرنج و گرنگیدانی شەقامی شیعی بۆ پرسی گرنگتر دەڕوات تا هەڵبژاردن.
د.یاسین تەها دەشڵێت: 8_9 هێزی شیعی ڕكابەر بەشدارن لە هەڵبژاردن و بانگەشە دژی یەک دەکەن، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران یان عێراق بكەوێتە بەرداشی جەنگ ناتوانن ئەمە بکەن، ئەمە جگە لەوەی لێدان لە ئێران میزاجی گشتی عێراق تێکدەدات و ناتوانرێت لەوەها ئەگەرێكدا هەڵبژاردن بەڕێوەببرێت و لەبری هەڵبژاردن درێژكردنەوەی حكومەت یان حكومەتی لەناكاو هەر بە سەرۆكایەتی سوودانی وڵات بەرێوەدەبات و هیچ بۆشاییەكی دەسەڵات ڕوونادات.
هەروەها وتیشی: بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە ئامادەكارییەكان وەك پێویست بەرێوەدەچن و پاش جێگیركردنی ناوی كاندیدەكان و دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشە، هیچ لەمپەر و كۆسپێكی یاسایی و رێككاری لەبەردەم پرۆسەكەدا نییە و عێراق ئەزموونی ئەوەشی هەیە پاش شەڕی داعش ڕاستەوخۆ چووەتە نێو هەڵبژاردن لە 2018.
بڕیارە ڕۆژی 11ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت ئەگەر دۆخی ئەمنی عێراق و ئێران تێکنەچێت.